ئەمڕۆ سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەستبەکار دەبێت
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە ڕێوڕەسمێکدا لە تەلاری پەرلەمانی وڵاتەکەی بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی وڵاتان دەستبەکار دەبێت.
ئاژانسی ئێرنا، بڵاوی کردووەتەوە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، سێشەممە 30ی تەممووزی 2024، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزشکیان، نۆیەمین سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لە پەرلەمان بە بەشداریی زیاتر لە 70 شاندی بیانیی و 600 مێدیاکاری ناوخۆی ئێران و دەرەکی بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی ماددەی 121 ی دەستووری ئێران، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەبێت لە دانیشتنێکی کراوەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئەندامانی ئەنجوومەنی چاودێری بێت.
سەرۆکایەتیی هەرێم بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچێتە تاران و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان دەکات.
سێشەممە 28ی ئەم مانگە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی پزیشکیان بە گوێرەی بڕگەی 9 لە ماددەی 110 دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئامادەبوونی ڕێبەری ئینقلابی ئیسلامی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێران لە هەردوو بەرەی ڕێفۆرمخوازان و نەریتخوازەکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتان بەڕێوە چوو.
هەر بەگوێرەی دەستووری ئێران، دوو هەفتە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێ، دەبێت وەزیرانی کابینەکەیی بۆ وەرگرتنی متمانە، بە پەرلەمان بناسێنێت.