مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکەی ڕووچوونی زەوی لە هیندستان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکەی ڕووچوونی زەوی لە هیندستان دەکات و پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو وڵاتە دووپات دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: "زۆر دڵتەنگ بووم بە بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی ڕووچوونی زەوی لە شاری وایاناد لە هیندستان. هەست و بیرم لەگەڵ قوربانییەکان و بنەماڵەکانیاندایە".

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتە سەختەدا بە هاودەنگی لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی هیندستان دەوەستێتەوە". 

بەرەبەیانیی سێشەممە، 30ـی تەمموزی 2024، لە ئەنجامی ڕۆچوونی زەوی لە شاری وایاناد لە هیندستان، لانیکەم، 150 کەس گیانیان سپارد و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.