کوشتنی هەنییە بەهای تومەن و شیکڵی دابەزاند

لە ئەنجامی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، بەهای هەردوو دراوی تومەن و شیکڵ دابەزی، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکانی ئەو قۆناغە نوێیەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێی تێناوە.

چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەهای تومەن دەستی بە دابەزین کرد، ئێستە بەهای هەر دۆلارێک بەرامبەرە بە 60 هەزار و 600 تومەن.

بەهای تومەن بەردەوامە لە دابەزین چاوەروان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەهای بەرامبەر بە دۆلار زیاتر داببەزێت.

دابەزینی بەهای تومەن بە ئاستێک خێرایە لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا بەهای هەر دۆلارێک زیاتر لە هەزار تومەن بەرزبووەتەوە، بەو پێیەش لەماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە توومەن زیاتر لە دوو لە سەد بەرز بووەتەوە.

هاوشێوەی بەهای تومەن، بەهای دراوی شیکڵی ئیسرائیلیش دابەزیوە، ئێستە هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بەرامبەرە بە 3.77 شیکڵی ئیسرائیلی.

دابەزینی بەهای شیکڵ لە دوێنێوە دەستی پێ کردووە بەشێوەیەک کە هەر پێش ئەوەی دەست بە دابەزین بکات بەهای دۆلارێک بەرامبەربوو بە 3.65 شیکڵ، ئەوەش بەو واتەیە دێت کە لەماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا زیاتر لە سێ لە سەدی بەهاکەی لەدەست داوە و ئێستەش بەردەوامە لە دابەزین.

Fly Erbil Advertisment