باسم عەوادی: ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق

وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکات و گاڵتە بە یاسای نێودەوڵەتیی دەکات.

چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی لەبارەی  کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران گوتی: ئەو هێرشەی ئیسرائیل تاوانکارییەکی دیکەیە کە کردیە سەر تاران  و بووە هۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس.

عەوادی بەناوی حکوومەتی عێراقییەوە دەڵێت: ئیسرائیل سەروەریی وڵاتان پێشێل دەکا و گاڵتە بە یاسای نێودەوڵەتی دەکات. کوشتنی کەسایەتییە سیاسییەکان هەوڵێکە بۆ هەڵکردنی ئاگری شەڕ و فراوانکردنی کە دەبێتە هۆی مەترسییەکی گەورە.

عەوادی ئاماژە بەوە دەکات "عێراق چەندین جار هۆشداریی لەبارەی هێرشەکان داوە، لە بۆنە جیاوازەکانیش داوای هەڵوێستێکی توندی لە دامەزراوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستە نێونەتەوەییەکان و وڵاتە گەورەکان کردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل کە دەبێتە هۆی نائارامی ناوچەکە و ئاسایشی گەلان".

عەوادی گوتی: داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی وڵاتان.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.