ئەڵمانیا: دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدار و ئاڵۆزە
جێگری گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی مەترسیدارە و لە بەرژەوەندیی کەس نییە ئاگرەکە خۆش بکرێت.
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، دەیڤد بوشنەر، جێگری گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکار دەهێنێت تا ڕێگریی لە زیادبوونی ئاڵۆزییەکان بکرێت.
گوتیشی: ئاگاداری کە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە ئێران کوژراوە، بەڵام حکوومەتی ئەڵمانیا هیچ زانیارییەکی نییە بۆیە ناتوانێت بە وردەکاری لێدوان بدات.
ڕاشیگەیاند "ئاشکرایە هەموو ناوچەکە لەدۆخێکی مەترسیداردایە و لە بەرژەوەندیی کەسیش نییە ئاگرەکە خۆش بکات. حکوومەتی ئەڵمانیا هەموو کارێک لەگەڵ هاوبەشانی دەکات و هەموو کەناڵە دیپلۆماسییەکان بەکاردەهێنێت تا ڕێگریی لە زیادبوونی ئاڵۆزی و گڕگرتنی هەرێمایەتی بکات و بەدڵنیاییەوە هەوڵەکانمان زیاتر دەکەین".
بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.
حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر تیرۆر کراوە.
لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.
لای خۆیانەوە مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕێنمایی بۆ وەزیرانی حکوومەت دەرکردووە، کە هیچ لێدوانێک لەسەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە نەدەن.
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووز، کوژرانی فوئاد شوکر، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند.
ئەو دوو کوشتنە (هانیە و شوکر) ترسێکی گەورەی لە هەڵکشانی شەڕێکی ناوچەیی خستووە.