ئوسترالیا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات دەستبەجێ لوبنان جێ بهێڵن

ئوسترالیا داوا لە هاووڵاتیانی خۆی دەکات دەستبەجێ لوبنان جێ بهێڵن، ئەمەش بەهۆی هەڵکشانی ئاڵۆزی و پشێوییە مەترسیدارەکانە لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی .
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، بێنی وۆنگ، لە گرتە ڤیدیۆیەک کە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دەرچوون، ڕەنگە دۆخی ئەمنی تێک بچێت بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێنەوە.
وۆنگ گوتیشی: فڕۆکەخانەی بەیروت ڕەنگە بە تەواوی دابخرێت ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت، بەمەش ئەو کەسانەی ئارەزوویان هەیە لەو وڵاتە بڕۆن بۆ ماوەیەکی درێژ گیر دەخۆن، بۆیە داوای لە ئوسترالییەکان کرد گەشتە بازرگانییەکان بەکار بهێنن.
ماوەی چەند مانگێکە دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ئاڵۆز بووە، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس گیانیان سپاردووە و قەیرانی گەورەی مرۆیی لێ کەوتووەتەوە.
ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا ڕایگەیاندووە، نزیکەی 15 هەزار ئوسترالی لە لوبنان نیشتەجێن، هەروەها ئەو ڕێژەیە لە مانگەکانی هاویندا بەرز دەبێتەوە، لە سەرژمێرییەکیش کە لە ساڵی 2021 کراوە، نزیکەی نیو ملیۆن ئوسترالی ڕایانگەیاندووە کە ڕەچەڵەکیان لوبنانییە.