مۆرینیۆ یاریزانێکی هەڵبژاردەی مەغریبی دەوێت
خۆسێ مۆرینیۆی راهێنەری فەنارباخچەی تورکی پێداگری لەسەر گواستنەوەی یەکێك لە یاریزانە دیارەکانی هەڵبژاردەی مەغریب دەکات.
سوفیان ئەمرابات ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی فیۆرێنتینا ئیتاڵی ئەوەی ئاشکراکردووە، کە دەیەوێت ریزەکانی یانە ئیتاڵییەکە بەجێبهێڵێت و چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپاش ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.
وەرزی رابردوو یاریزانە مەغریبییەکە بە خواستن یاریی بۆ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکرد و دوای تەواوبوونی ماوەکەی گەڕایەوە فیۆرێنتینا.
بەپێی هەواڵێکی تۆتۆ میرکاتۆی ئیتاڵی کارگێڕی فەنارباخچە دەستیان بە پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە کردووە بۆ گواستنەوەی یاریزانە مەغریبییەکە لەسەر داوای خۆزێ مۆرینیۆ.
رۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە: مۆرینیۆ زۆر پێداگری لەسەر گواستنەوەی ئەمرابات دەکات و دەیەوێت کارگێڕی یانەکەی ئەو گرێبەستەی زوو بۆ یەکلابکەنەوە.
راپۆرتی چەند رۆژنامەیەکی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە، کە یانەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و میلان ئارەزووی گواستنەوەی سوفیان دەکەن، پێشتریش یانەی مانچێستەر یونایتد ئارەزووی بۆ هێشتنەوەی یاریزانەکە لە یانەکەی دەربڕیوە بەڵام بەهۆی هەندێك مەرجی گرێبەستەکەی نەیتوانیوە بیهێڵێتەوە.
سوفیان ئەمرابات تەمەنی 27 ساڵە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 22 ملیۆن یۆرۆیە، پێشتر لە یانەی هیلاش ڤیرۆناوە پەیوەندی بە فیۆرێنتیناوە کردووە و وەرزی رابردووە بە خواستن یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد دەکرد.