کاروان ستوونی: هەوڵدەدرێت بۆ ساڵی دادێ پرۆسەی ناونووسین و تیر و پشکی حاجییان بەدیجیتاڵی بکرێت

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی بۆ ساڵی داهاتوو، پرۆسەی ناو تۆمارکردن و تیر و پشکی ناوی حاجییان بە دیجیتاڵی بکەن.
پێنجشەممە 1ـی ئابی 2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کابینەی نۆیەم گرنگیی زۆر بە بابەتی حەج و عومرە دراوە، بۆیە دووەم ساڵە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی حکوومەتی عێراقی خەڵاتی(لبیکم) وەکو باشترین شاند لە پرۆسەی حەجدا لەلایەن سعودیەوە وەردەگرێت لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی پرۆسەی حەج و خزمەتکردنی حاجییان، لەگەڵ زوو ڕایی کردنی کاروبارەکانیان، دەڵێت: ئێمە لە پێش عێراق تەواوی پرۆسەکان جێبەجێ بۆ حاجییان دەکەین، دەشڵێت: لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە پرۆسەی حاجییان دەدرێت.
ئەو گوتەبێژە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵانە بۆ پرۆسەی حەج پلان دادەنرێت، تیمەکان ڕێک دەخرێن کە هاو سەفەر دەبن لەگەڵ حاجییان،گوتی: لەلایەن سعودیەوە ئاگادارکراینەوە، نابێت خەڵک جگەلە ڤیزای حەج، بەهیچ ڤیزایەکی دیکە حەج بکەن، بەڵام خەڵکێک گوێیان بۆ ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف نەگرت، ئەمەش وای کرد ئەوانەی بە ڤیزای بازرگانیی چوون، دووچاری زەحمەتی زۆر و مردن بوونەوە، خەڵکمان ئاگادار کردەوە خەڵک بەو ڕێگەیە نەچێتە حەج، ئێستا بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لێژنەیەک لە وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ناوخۆ و داواکاریی گشتیی دامەزراوە، هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە دەستیان هەبووە لە بردنی خەڵک بۆ سعودیە بۆ حەج، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، تاوەکو ئەو کێسانە یەکلایی نەبێتەوە، ئەو کۆمپانیایانە بۆیان نییە گەشتی عومرە بڕێک بخەن، ئەگەر لەسەریشی ساغ بێتەوە کە کاری حەجی بازرگانیی کردووە، جارێکی دیکە بۆی نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو کارە بکات.
کاروان ستوونی ڕایگەیاند: هەر حاجی و عومرەکارێک کە فێڵیان لێدەکرێت، دەتوانن سکاڵا لە بەشی یاسایی وەزارەت تۆمار بکەن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، دەشڵێت هەشت نووسینگەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکان کە دەتوانن سکاڵاکان تۆمار بکەن.
گوتیشی: بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سێ ملیار دینار بۆ پرۆسەی حەج و ئاسانکاریی خەرجی لەسەر حاجییان خەرج کرا، دەڵێت: دەمانەوێت پرۆسەکە پێش بخەین لە تیر و پشکی حاجییان کە بە دیجیتاڵی دەکەین لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی، تیشکی خستە سەر ئەوەی، ڕەنگە بۆ ساڵی داهاتوو هاووڵاتییان لەسەر مۆبایلەکانیان خۆیان بۆ سەفەری حەج تۆمار بکەن.