ژمارەیەک مۆتێڵ و چێشتخانە و پڕۆژەی گەشتیاریی لە شەقڵاوە کرانەوە

لە ڕۆژێکدا چەند مۆتێڵ و چێشتخانە و پڕۆژەیەکی گەشتیاریی لە شەقڵاوە کرانەوە و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی هەر جۆرە پرۆژەیەکی گەشتیاری کەرتی تایبەت کردەوە بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ کەرتی گەشتیاریی حکوومەت، ڕۆڵیان لە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاراندا هەبێت.
پێنجشەممە 1ـی ئابی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ژمارەیەک مۆتێڵ و چێشتخانە و پرۆژەی گەشتیاری لە شەقڵاوە کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراویکی وەزارەتەکە، وەزیری شارەوانی پرۆژەیەکی ماتۆڕسکل و چێشتخانەیەکی گەشتیاریی، هەروەها مۆتێڵێک و کۆمەڵگەیەکی گەورەی گەشتیاری کردەوە، دواتر سەردانی بەشەکانی مۆتێڵ و چێشتخانە و پڕۆژەکان و کۆمەڵگە گەشتیارییەکەی کرد، وێڕای پیرۆزبایی کردنەوەی پرۆژەکان، هاوکات ئەو پڕۆژانەی بە پرۆژەی گرنگ لەڕووی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران ناوبرد ، ساسان عەونی جەختی لەسەر پاڵپشتیکردنی هەر جۆرە پرۆژەیەکی گەشتیاریی کەرتی تایبەت کردەوە بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ کەرتی گەشتیاریی حکوومەت، ڕۆڵیان لە سەرنجڕاکێشانی گەشتیاراندا هەبێت.