ئێران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی سەردانی عێراق نەکەن

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی ئێران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژە سەردانی عێراق نەکەن.

لە هۆشدارینامەکەی وەزارەتی تەندروستی ئێراندا هاتووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سورێژە داوا لە هاووڵاتییانمان دەکەین سەردانی عێراق نەکەن، نەخۆشی سورێژە لە عێراق بەرێژەی 600% زیادی کردووە.

بەپێی ئامارێکی بەراوردکاری وەزارەتی تەندروستی ئێران لەساڵی ڕابردوودا مانگانە ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیەکە 800 کەس بووە، بەڵام لەمساڵدا ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشییەکە مانگانە چوار هەزار و 800 حاڵەتە.

سورێژە نەخۆشییەكی ڤایرۆسی مەترسیدارە و تووشی كۆئەندامی هەناسەدان دەبێت، هەر کەسێک پێشتر کوتانی دژی نەخۆشییەکەی بۆ نەکرابێت ئەوا تووشی نەخۆشییەکە دەبێت.

هەروەها نەخۆشییەکە بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی هەناسەدان، کۆکە و پژمین.