ئاسایش ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ری مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی سۆران ئاشكرا ده‌كات
ته‌قه‌كه‌ره‌كه پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی بووه و كێشه‌ی مووچه‌ی هه‌بووه
K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایش – هه‌ولێر، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا، ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه ئاشكرا ده‌كات، كه ته‌قه‌ی له باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی شه‌شی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كرد له سۆران.
به گوێره‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایش، ته‌قه‌ره‌كه پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتییه و له یه‌كه‌ی (124)ی خۆشناوه‌تییه و ناوی (ت ا ح) و له ئێستاشدا ده‌ستگیركراوه.
له باره‌ی هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌شدا، له روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایش‌دا هاتووه: "ناوبراو كێشه‌ى كه‌سى و كێشه‌ى موچه‌ى هه‌بووه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كه‌ى".
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاسایش – هه‌ولێر) ه‌وه
دواى ئه‌وه‌ى له‌شه‌وى ( 31/8/ 2016) ته‌قه له باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى سۆرانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان كرا و به‌پێى سكالاى مه‌ڵبه‌ندى ناوبراو ، به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى سۆران ده‌ستى به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر رووداوه‌كه كرد . له ئه‌نجامدا كه‌سێك به تۆمه‌تى ته‌قه‌كردن له‌و باره‌گایه ده‌ستگیركرا به ناوى (ت ا ح).
تۆمه‌تباره ده‌ستگیركراوه‌كه، پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتیه له یه‌كه‌ى(124)ى خۆشناوه‌تى. دواى لێكۆلینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وت كه ناوبراو كێشه‌ى كه‌سى و كێشه‌ى موچه‌ى هه‌بووه له گه‌ل به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كه‌ى. ئه‌وه‌ش هۆكارى ته‌قه‌كردنه‌كه بووه .
لێكۆڵینه‌وه له‌و تۆمه‌تباره به ئاگادارى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى كێشه‌كه به‌رده‌وامه و هه‌ر ده‌نگۆیه‌ك بۆ به‌لارێدابردنى راستیى رووداوه‌كه به ناڕه‌وا و نابه‌رپرسیارانه ده‌زانین.
به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاسایش - هه‌ولێر
2/9/2016