دیندار زێباری: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و دادگایی کردنی تاوانباران.
ئەمڕۆ 3ی ئابی 2024، 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تێپەڕ دەبێت دوای 10 ساڵ لەم کارەساتە تا ئێستا شنگال و دەوروبەری ئاوەدان نەکراوەتەوە و دانیشتووانی بە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و بوونی هێزی نایاسایی، ناتوانن بگەڕێنەوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەش کرد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و تۆمارکردنی بەڵگەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنی تیرۆریستان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاریان.
زێباری زیاتر گوتی: تا ئێستە چەندان وڵات و دام و دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، تاوانەکانی داعشیان دژی کوردانی ئێزیدی بە جینۆساید ناساندووە کە ئەمانەن: ئەنجوومەنی ئاسایش، لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا، ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پەرلەمانی هەر یەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، سکوتلەندا، ئەرمینیا، ئوستورالیا، پورتوگال، ھۆڵەندا، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ و ئەڵمانیا. ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکی گرنگە، شان بەشانی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند کە ئەمەش پێویستی بە پشتیوانیی و پشتگیریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە.
سەبارەت بە هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانیش گوتی: تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 22 هەزار و 293 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن کە 746 هەزار و 176 ئاوارەی ناوخۆن لەو ژمارەیەش زیاتر لە 135 هەزاریان لە کەمپەکاندا دەژین کە بەشی زۆریان ئێزیدین.
پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەکان، یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و زێباری لەم بارەوە ڕوونی کردەوە: پڕۆژەى بە دیجیتاڵکردن و تۆمارکردنی بەڵگەکان بریتییە لە گۆڕینى ئەو بەڵگانەى پەیوەستن بە تاوانەکانى داعش کە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێم پارێزراون بۆ فۆرماتى دیجیتاڵى و توانراوە 24 هەزار و 965 فایل و 408 هەزار و 540 لاپەڕە لە بەڵگەنامەکان تۆمار بکرێن. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا سێ هەزار و 576 کەس لە ڕفێندراوان ڕزگار کراون.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە لە میانەی هەماهەنگییان لەگەڵ یونیتاد و بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 2697ی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ماوەی ڕابردوو بڕی چوار هەزار و 95 گیگابایت زانیاری دۆکیومێنت و لێکۆڵینەوە لەلایەن یونیتادەوە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و لە داهاتووشدا ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە، لە داهاتوودا دادگاکانی هەرێم دەتوانن سوودیان لێ ببینن بۆ دادگاییکردنی تاوانباران.