ئەرشەد ساڵحی: ئهگهر ههڵوێستهكان لە کەرکووک یهكنهخرێن پێكهێنانی حكوومهتی خۆجێیی دوا دهكهوێت
K24 – بەغدا:
ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووک هەڵوێستەکانیان یەک نەخەنەوە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی دوا دەکەوێت. دەشڵێت: بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتووی شارەکە دەبێت.
ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پێویستە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە زوویی ببەسترێت، داوا لە پێکهاتەکانی دیکە دەکەم لەنێو خۆیاندا هەڵوێستەکانیان یەک بخەنەوە، بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەین.
ئاماژەی بەوە کرد: ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووک هەڵوێستەکانیان یەکنەخەنەوە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی دوا دەکەوێت، ئەمەش لە بەرژوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.
ناوبراو گوتیشی: ئێستە بەرژوەندیی هاووڵاتییان، مووچەکانیان، کارگێڕی شارەکە و خزمەتگوازرییەکان هەموویان پەکییان کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئاسایش و کارگێڕی سیاسیی کەرکووک دەبێت.
هاوکات داوا لە پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات هەموویان لەسەر یەک پرۆژە ڕێکبکەون بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی ئەرێنی لەم پرسە دەرچن.