جەبار مەشهەدانی: لایەنە سیاسییەکان بڕیار دەدەن چ یاساییەک لە پەرلەمان تێپەڕێت

جەبار مەشهەدانی، شرۆڤەکاری سیاسی
جەبار مەشهەدانی، شرۆڤەکاری سیاسی

شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی دەڵێت: سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بڕیار دەدەن چ یاسایەک لە پەرلەمان تێپەڕێت و چی ڕێگریی لێ بکرێت، دەشڵێت: لایەنە شیعییەکان هەژموونێکی زۆریان بەسەر پەرلەمانی عێراقەوە هەیە.

یەکشەممە 4ـی تەمووزی 2024، جەبار مەشهەدانی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە جێبەجێ دەکات کە لەلایەن سەرۆک و سەرکردەی لایەنەکان ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت چی تێپەڕبکرێ و چی ڕێگریی لێ بکرێت، ئەوە حاڵی تەواوی خولەکانی پەرلەمانی عێراقە.

لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای لێبووردنی گشتیش، ئەو شرۆڤەکارە گوتی: یاسای لێبووردنی گشتی بۆ ئەوانەیە کە لەژێر ئەشکەنجەدا، دانیان بە تاوانەکانیان ناوە، زۆرینەی ئەوانەش خەڵکی ناوچە سووننە نشینەکانن، بۆیە لایەنە سوونەکان دەبێت هەوڵ بدەن یاساکە تێپەڕینن بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ خەڵکی خۆیان بگەڕێننەوە.

دەشڵێت: بەشێکی زۆری ئەو بابەت و پرسانەی پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، جێبەجێ نەکراوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی پێوەی پابەند نەبووە، پابەند نەبوون بە تێپەڕاندنی یاسای لێبووردنی گشتی یەکێکە لەو بەڵگانەی کە ئەو بابەتە لەماوەی ئەو حکوومەتە جێبەجێ نەکراوە.

گوتی: هەندێ یاسا کە پەیوەستە بە هەندێ تایفە و ئاینی دیاریکراو، وا دەکات ژیانی مەدەنی عێراقی  لەژێر هەڕەشەدا بێت، وەک هەموواری یاسای باری کەسیی، کە دەبێتە هەڕەشە لەسەر  یاسای باری کەسیی عێراق.

4ـی ئابی 2024، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق کرد و تێیدا مەبەست لە "ئینتما بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان"ـی ڕوونکردوەتەوە.

بەپێی پرۆژەیاساکە، ئەو ڕوونکردنەوەیە بۆ بەشی دووەمی ماددەی چوارەم لە یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، زیادکراوە و ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانج لەو هەموارکردنەوەیە بریتییە لە دیاریکردنی مەبەست لە ئینتما بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان وەک لە یاساکەدا هاتووە، کە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتی ئێستای عێراق کە پەرلەمان پەسەندی کردووە.