ڕۆژنامه‌یه‌ک ژمارەی قوربانییانی سوپای ئیسرائیل له‌ غه‌ززه‌ ئاشکرا دەکات

ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە
ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئیسرائیل دەڵێت، له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی غه‌ززه‌، هه‌زاران سه‌ربازی ئیسرائیل كوژراون و بریندار بوونە.

ڕۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆتی ئیسرائیل بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی جه‌نگی غه‌ززه‌، زیاتر له‌ 10 هه‌زار سه‌ربازی ئەو وڵاتە كوژراو و برینداربوونه‌. ڕوونیشی کردووەتەوە، ژمارەی قوربانییان زۆر لەوە زیاترە کە وەزارەتی بەرگریی بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بەوەش كردووه‌، مانگانه‌ هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گ په‌یوه‌ندیی به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌ ساڵی 1948ـه‌وه‌ تاكوو ئێستە، سوپای ئیسرائیل بارودۆخی وای نه‌بینیوه‌ كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت مانگه‌ به‌رده‌وام له‌نێو جه‌نگ دایه‌.

له‌ 14ـی مانگی ته‌مموزی ڕابردوو، حكوومه‌تی ئیسرائیل یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازی له‌ 32 مانگه‌وه‌ تاكو 36 مانگ درێژ كرده‌وه‌.

شەڕی غەززە چەند ڕۆژێک دوای هێرشە گەورەکەی حەماس لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کردووە و زیاتر لە هەشت مانگە بەردەوامە. بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە بەهۆی شەڕەکەوە، زیاتر لە 39 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش برینداربوونە. جگە لە وێرانبوونی سەدان باڵەخانە، دەیان نەخۆشخانە و قوتابخانەش لە کارکەوتوون.