ئەردۆغان: ئیسرائیل دەیەوێت شەڕی غەززە بگوازێتەوە ناوچەکە
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل دەیەوێت شەڕی غەززە بگوازێتەوە ناوچەکە، دەشڵێت: سکاڵا دژی ئیسرائیل لە لاهای تۆمار دەکەین.
دووشەممە 5ـی ئابی 2024، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: بە بەرنامەی تەکنەلۆژیای پێشکەتوو ، دەستمان بە هەنگاوە نوێکان کرد، دەمانەوێت بە تەکنەلۆژیای پێشکەتوو، تورکیا بەهێز دەکەین و بۆ ئەو بەرنامەیەش 30 ملیار دۆلار تەرخان دەکەین و وەبەرهێنانی تێدا دەکەین.
ئەردۆغان داوای لە خاوەنکاران و وەبەرهێنەران کرد دەرفەتی زیاتری کار دروست بکەن و هەنگاوی باشتر بهاوێژن، گوتی: لە بواری سەربازیش تورکیا دەکەینە وڵاتێکی نموونەیی.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: ناوچەکەمان بە دۆزێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەت لە شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا، هەروەها جەنگی ئیسرائیل و حەماس و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، گوتیشی: رۆژئاوا بووەتە دیلی رۆژئاوا، سیاسەتی کۆمەڵکوژی ناتانیاهو بەردەوامە، ئیسرائیل دەیەوێت شەڕی غەززە لە ناوچەکە بڵاو بکاتەوە، ڕۆژی چوارشەممە کۆمیسیۆنی یاسایی پەرلەمانی تورکیا سکاڵا دەداتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهایی دژی ئیسرائیل.