ڕامی نووری: چه‌ندان پرۆژه‌ی گرنگ و ستراتیجی له‌ عه‌نكاوه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن

ڕامی نووری
ڕامی نووری

قایمقامی عەنکاوە ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، گرنگترین خزمه‌ت به‌ عه‌نكاوه‌ كرابێت، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی شاره‌دێی عه‌نكاوه‌ كرایه‌ قه‌زا.

دووشه‌ممه‌، 5ـی ئابی 2024، ڕامی نووری، قایمقامی قه‌زای عەنکاوە بە کوردستان24ـی گوت، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یه‌ك ئاست خزمه‌تی هه‌موو كوردستانی كردووه‌ و به‌ پێی توانای به‌رده‌ست خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ ناوچه‌ جیاجیاكان كردووه‌، كه‌ قه‌زای عه‌نكاوه‌یش یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه.

ڕامی نووری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، گرنگترین خزمه‌ت به‌ عه‌نكاوه‌ كرابێت، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م و به‌ بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی شاره‌دێی عه‌نكاوه‌ كرایه‌ قه‌زا، به‌مه‌ش هه‌نگاوی خزمه‌ته‌كان زیاتر و فره‌وانتر بوون.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، چه‌ندان پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی پلان و به‌رنامه‌ی ستراتیجیدان و له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوودا پێشكه‌ش به‌ عه‌نكاوه‌ ده‌كرێن.

سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێكردن له‌ قه‌زای عه‌نكاوه‌ گوتی، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ و پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ و گرنگیشه‌، نه‌خاسمه‌ به‌هۆی گرنگییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌بێت به‌ پێی كاتی گونجاو دروست بكرێت و به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ش دابه‌ش بكرێت.

ڕوونیشی كردووه‌، چه‌ند ده‌سته‌ و فه‌رمانگه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار سه‌رقاڵی كۆتاییهێانی دوا قۆناغه‌كانی ئاماده‌كاریی پرۆسه‌كه‌ن و دواتریش پێشكه‌شكردنی به‌ هاووڵاتییان. گوتیشی، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا شاره‌وانی عه‌نكاوه‌ دوا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و زه‌وییه‌ نیشان داوه‌ كه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ به‌ كار ده‌هێنرێت.

 شه‌ممه‌، 31ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە کوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، لەسەر داوای به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ لە شارۆچکەی عەنکاوە کە زۆرینەی دانیشتوانی كریستیانن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریداوه‌ به‌ دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، شوێنی پڕۆژەکە و ئه‌و كرێنشینانه‌ی له‌ پرۆژه‌كه‌ سوودمه‌ند ده‌بن لەلایەن به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌وه‌ بڕیاری لەسەر دەدرێت. گوتیشی: پڕۆژەکە شوقەی 80 ، 100 و 120 مه‌تر چوارگۆشەی تێدایە و پلانی پارەدانیان بۆ ماوەی 15 ساڵ ده‌بێت.

محه‌ممه‌د شوكری هه‌روه‌ها گوتبووی، جگە لەوەش، بڕیارەکە ئامانجی پاراستنی ناسنامەی كریستیانی ناوچەکەشە کە بووەتە گەورەترین قەزای كریستیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەوەی ساڵی 2021 پێگەی ئیدارییەکەی بەرز کرایەوە.