جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا: ئۆکرانیا پلانی تیرۆرکردنی ڤلادیمێر پوتنی هەبووە
K24 - مۆسکۆ:
سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی Russia 1 ئاشکرایکرد، دەزگای هەواڵگری ئۆکرانیا پلانیان هەبووە لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی هێزی دەریایی ڕووسیا لە شاری سانت پیتەرسبورگدا، هێرش بکەنە سەر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا و ئەندرێی بێلەئوسۆڤ، وەزیری بەرگری وڵاتەکە.
ڕیابکۆڤ دەڵێت، چەند ڕۆژێک پێش چالاکییەکە، ئەندرێی بێلەئوسۆڤ، وەزیری بەرگری رووسیا، پەیوەست بەم بابەتە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە لۆید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە کردووە و داوای لێکردووە کە کیێڤ واز لە پیلانەکانی بهێنێت. بە گوتەی ریابکۆڤ، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بەم زانیارییە زۆر سەری سوڕماوە و بە رژدی وەریگرتووە.
ڕیابکۆڤ جەختی کردەوە، کە مۆسکۆ و واشنتن لە پەرەسەندنی زیاتر و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان دەرباز بوون.
پێشتر ماریا زاخارۆڤای گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بە رۆڵی بەریتانیا کرد لە هەوڵی تیرۆرکردنی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیادا. هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە گوومانی تێدا نییە هەوڵی تیرۆرکردنی پوتن، کە (بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەرەکی ئۆکرانیا، GUR، لە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا، کیریل بودانۆڤ باسی کردووە و بەهاوکاری ئەنگلۆساکسۆنەکانی خاوەنی کیڤ پلانی بۆ دانراوە.
ڕۆژی 12ـی تەمموزی 2024 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ئەندرێی بێلەئوسۆڤی وەزیری بەرگری ڕووسیا و لوید ئۆستنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەنجامدرا. دواتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی بەپشت بەستن بەسەرچاوەکان نوسیوویەتی، بێلەئوسۆڤ پەیوەندی بە ئۆستینەوە کردووە سەبارەت بە ئۆپراسیۆنێکی ئۆکرانیا.