بە فەرمی؛ هاریس کاندیدی دیموکراتەکانە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
کامالا هاریس وەک کاندیدی فەرمیی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دیاری کرا.
کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، بە فەرمی پێگەی خۆی وەک کاندیدی سەرەکی پارتی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی مانگی 11ـی ئەمساڵی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە مسۆگەر کرد.
هاریس، لە ڕێگەی ڕاپرسییەکی ئۆنلاینی دیموکراتەکانەوە کە پێنج ڕۆژی پێ چووە؛ توانیویەتی دەنگی لەسەدا 99ـی نێردەی دیموکراتەکان بەدەست بهێنێت، بەمەش دەبێتە کاندیدی فەرمیی ئەو پارتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
پێشبینی دەکرێت کێبڕکێی نێوان ترەمپ لەگەڵ هاریسی تەمەن 59 ساڵ زۆر کاریگەرتر بێت لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، شرۆڤەکارانی دۆخەکە و چاودێرانی بانگەشەی هەڵبژاردن بڕوایان وایە دەنگە خۆڵەمێشییەکان دەبنە یەکلاکردنەوەی کاندیدی براوەی هەڵبژاردن.
لەم بارەوە مات تێرێڵ، شرۆڤەکاری ستراتیجیی کۆمارییەکان دەڵێت: دەنگدەرە سەربەخۆکان کە هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە کە دەنگ بەکام کاندید بدەن، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەکە دەبێت. ئەمەش پەیوەستە بە پرسی هەڵئاوسان، کۆچبەری، ئابووری و کەم کردنەوەی تاوانەکان؛ ئاخۆ کام لەمانە دەبێتە ڕاکێشانی دەنگدەرانی سەربەخۆ.
تێرێل دەشڵێت: بڕوام وایە ترەمپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانەدا باشە و هەربۆیە مێزی هەڵبژاردنەکە بەسەر کاندیدە ڕکابەرەکان هەڵدەگێڕێتەوە.
گەشبینی کۆمارییەکان بە کشانەوەی بایدن زۆر بوو، بەڵام بژاردەی هاتنە پێشەوەی کامالا هاریس بۆ بوون بە کاندید کۆمارییەکان تەوژمێکی نوێی بە دیموکراتەکان بەخشییەوە و بە گوێرەی ڕاپرسییەکانی ئەم دوایە، لە هەفتەیەکدا پێشکەوتنی ترەمپ لە سێ خاڵەوە بۆ نیوە کەم کردووتەوە.