دەسەڵاتی دادوەری ئێران: هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی هەنییە دەستگیر نەکراوە

ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران
ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران

ئەسغەر جیهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوی کوشتنی هەنییە بەردەوامە و هیچ کەسێکیش لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە.

جیهانگیری گوتی: لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران، دەستیان پێ کردووە و بەڵگەنامەی پێویست کۆکراوەتەوە و بە تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەکرێن. بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ کەس و گومانلێکراوێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە، هەربۆیە ئەو زانیاریی و چەواشەکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.

هەروا ڕایگەیاند، تاکە ڕێگەی ڕزگاربوونی موسڵمانان لە جیهان و بەرەنگاربوونەوەی بێ باوەڕەکان، بڕینی ئەو شانە شیرپەنجەییە و سڕینەوەی ئیسرائیلی داگیرکارە لەسەر زەوی و گەڕاندنەوەی خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستینە لە موسڵمانان و ئایینەکانی دیکەیە بۆ زێدی خۆیان کە هیوادارین بەزوویی ئەمە بەدی بێت.

گوتیشی: ئەمەریکا کە بانگەشەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەکات، کەچی بە پشتیوانیی رژێمی ئیسرائیل بووەتە سەر قافڵەی تاوانکاران و بە پێدانی چەک بە سوپای ئیسرائیل بۆ شەڕی غەززە ئەو ڕاستییەی سەلماندووە.

بەرەبەیانی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، لە هێرشێکدا کە بە گوێرەی سێیەمین ڕاگەیەندراوی سوپای پاسدارانی ئێران، بە مووشەکێکی کورتمەودا کراوە، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی لە ناوجەرگەی تاران کوژران. هەنییە، بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە تاران بوو.