خۆپیشاندەرانی دیالە چەند فەرمانگەیەکی حکوومییان داخست کە یەکێکیان ئەمنییە

چالاکوانان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی داخستنی فەرمانگە حکوومییەکانیان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە میقدادیەی پارێزگای دیالە بڵاوکردەوە.

داخستنی فەرمانگەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای دیالە بوو.

جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی ئەمنی بەمێدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاندووە، "هێزێکی پۆلیسی دیالە پۆستەرێکی 'بە ناوی خەڵکەوە داخراوە' بەرزکردەوە کە لەسەر بەش و دامەزراوەکانی میقدادیە هەڵواسرابوو.

هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو لە دانیشتنێکدا کە لەبەغدا بەڕیوە چوو، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار و هەردوو جێگرەکەی یەکلایی کردەوە و حکوومەتی خۆجێیان پێکهێنا.

لەکۆتاییەکانی مانگی تەمموز، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و جەختی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بە کۆدەنگی هەموو پێکهاتەکان کردەوە و بەپێی زانیارییەکانیش سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر لە ماوەی یاسایی لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات".

لە 11ـی تەمموزی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو؛ ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.

کورد، سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە دەبێت پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.