حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار قوتابخانە لەسنووری قەزای ئاکرێ دروست دەکات

دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە سنووری قەزای ئاکرێ
دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە سنووری قەزای ئاکرێ

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چوار قوتابخانەی دوانزە پۆلی و هەژدە پۆلی بە گوژمەی شەش ملیار و 200 ملیۆن دینار لە ئاکرێ جێبەجێ دەکات، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە دەڵێت: دروستکردنی ئەو چوار قوتابخانە زۆر گرنگە، خزمەتێکی گەورە بە پرۆسەی خوێندن دەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەناو سەنتەری ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ قوتابخانە دروست دەکات و دەیەوێت بەر لە دەستپێکی خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بکرێتەوە، ڕۆژ دوای ڕۆژیش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابییان، کێشەی نەبوونی باڵەخانەی نوێ بۆ خوێندن زیاتر دەبوون.

بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە ئاماژە بەوە دەکات "ئەو پرۆژانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبواری پەروەردە و خوێندندا دەکرێن، گرنگ و باشن و ساڵی نوێی خوێندن دەکەونە خزمەتی قوتابییانی ناوچەکە".

ئێستا لە سنووری قەزای ئاکرێ چوار قوتابخانەی 12 پۆلی و 18 پۆلی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست دەکرێن.

کاروان زاهر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ئاکرێ گوتی: زۆر پێویستمان بە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە هەبوو، چونکە ژمارەی قوتابخانەکان لە گەڕەکەکان کەم بووبوون، سەرباری ئەوەی زۆریی ژمارەی قوتابییان ببووە ئاریشەیەک بۆ پرۆسەی پەروەردە، دەشڵێت: نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دیکەش لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە.

ئەو چوار قوتابخانانە بە گوژمەی شەش ملیار و 200 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدانی زیاتر بە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە سنووری قەزای ئاکرێ لە سەنتەری قەزاکە و گردەسێن و دینارتە و بجێل، دروست دەکرێن.