سەرەڕای خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، عێراق نەیتوانیوە ببێتە خاوەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی
عێراق لە ساڵی 2003ەوەسیستەمی بەرگریی ئاسمانی نییە و ڕۆژانە پێشێلکاریی لە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەکرێت. ڕۆژ نییە مووشەک و فڕۆکە تەراتێن لە ئاسمانی عێراق نەکەن. هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن لە گرێبەستەکاندا گەندەڵی زۆر کراوە و سەرەڕای خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، عێراق نەیتوانیوە ببێتە خاوەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی.
نەبوونی سیستەمێکی لەیەکبەستراوی بەرگریی ئاسمانی کاریگەریی بەسەر کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی عێراقەوە هەیە، پێشتر کۆمەڵێک ڕێککەوتن کراوە و پارەیەکی بێشومار خەرج کراوە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
بۆ پاراستنی ئاسمانەکەی، عێراق کۆمەڵێک ڕاداری وەک جی ئێم 403 ی دروستکراوی کۆمپانیای تالیسی فەرەنسی و سێ ڕاداری TPS77 ـی کۆمپانیای لۆکهێد مارتن ـی ئەمەریکیی هەیە.
ڕادارەکان لەڕووی تواناوە دەتوانن ئامانجی بەرز و نزم چاودێری بکەن بەڵام توانای وەڵامدانەوەی هێرشی ئاسمانییان نییە، سەرەڕای بوونی ڕادارەکان، لە کۆتا پێشێلکارییدا 18 فڕۆکەی جەنگیی تورکیا بە مەودای 193 کیلۆمەتر ژمارەیەک خاڵیان لە ناو خاکی عێراقدا پێکاوە.
تێچووی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەڕووی داراییەوە شتێک نییە عێراق نەیتوانێت بیکڕێت، وڵاتانی وەک سلۆڤاکیا، بولگاریا و یۆنان کە لەڕووی سامان و داهاتی ئابوورییەوە لە دواوەی عێراقن بەڵام خاوەن سیستەمی ئێس-300 و وڵاتێکی وەک بێلاروس خاوەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 400ـە.