25 فەرمان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی گرووپی توندڕەوی قوربان دەرکرا

هێزە ئەمنییەکانی عێراق (وێبە: ئەرشیف)
هێزە ئەمنییەکانی عێراق (وێبە: ئەرشیف)

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئابی 2024 ئاشکرای کرد، چەند فەرمانێک بۆ کەسانی تۆمەتبار و داواکراو لە گرووپی توندڕەوی قوربان، لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق دەرچووە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش خراونەتە ئامادە باشی بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی داواکراون.

بە گوتەی سەرچاوەکە، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دوو کەسیان لە ناوچەی نەجم و شارەدێی گەرمەی موسەننا، دەستگیر کردووە و هەردووکیان دانیانناوە بەوەی سەر بە گرووپی توندڕەوی قوربانن، یەکێکیان تەمەنی 17 ساڵانە. هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی 25 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامانی گرووپە توندڕەوەکە دەربچێت.

گرووپی توندڕەوی مەزهەبی قوربان، بە گوێرەی زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق گرووپێکی توندڕەوە و بە "عەلی ئیلاهی" ناسراون و بوونەتە هۆی خۆکوشتنی ژمارەیەک گەنج و لاوی باشووری عێراق بە ناوی ئەوەی خۆیان بۆ ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، چوارەم خەلیفەی ئیسلام کردووەتە قوربانی، تاوەکوو ئێستا سێ حاڵەتی خۆ کوشتن لە نێو کاروانی زیارەتکارانی حسێن لە باشووری عێراق تۆمار کراوە.