ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی پەیامێك بڵاودەكاتەوە

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی: ھەوڵەكانمان بەردەوام بۆ چارەسەری كێشەكان و لیژنەیەك پێكھێنراوە

K24 – ھەولێر

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەكیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی پێكھێناوە و بەردەوام لە كۆبوونەوەدان لەگەڵ ھەردوو باڵی یەكێتی و لە چەند رۆژی داھاتوودا پەیامێك بڵاودەكەنەوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24، لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، ئەنجوومەنی ناوەند لیژنەیەكی پێكھێناوە و چەند جارێك لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە لە ھەردوو لایەنی ناكۆك كۆبووینەوە، ئێوارەی ئەمڕۆش بۆ ھەمان مەبەست لیژنەكەی ئەنجوومەنی ناوەند لەگەڵ ھێرۆخان كۆدەبێتەوە".

گوتیشی: "ھەردوولا رایانگەیاندووە كە ھێشتا دەرفەت ماوە بۆ گفتوگۆ بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی باوەڕیان وایە كە گۆنگرە ببێتە بنەمای چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان".

لەتیف نێروەیی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ھەردوولا رازین كە ئەنجوومەنی ناوەند بۆ چارەسەر نێوان گیری بكات، وەك پەرلەمانی یەكێتی كە بێ لایەنانە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات".

سەبارەت بە بێ لایەن نەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی حزبەكەیان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لایەنگری باڵێك دەكەن دژی لایەنێكی دیكە گوتی: "رای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەرمی نییە، بەڵام ھەموو ئەندامان پابەندن بە بڕیار و سیاسەتی ئەنجوومەنی ناوەند".

رۆژی 1 ئەم مانگە ھەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لە پەیامێكدا ناوەندی بڕیاریان راگەیاند، رۆژی دواتر باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لە وەڵامێكدا رایانگەیاند كە ئەو ناوەندە شەڕعیەتی نییە و خۆیان وەك زۆرینەی مەكتەبی حزبەكە ناساند.