بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە پسپۆرییەكان هەواڵێکی ماڵپەڕی نالیا ڕەت دەکاتەوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: ماڵپەڕی کەناڵی نالیا هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە کە گوایە حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2013ـەوە دەستی بەسەر نزیکەی 37 ملیار دیناری هاووڵاتییاندا گرتووە، سەرلەبەری هەواڵەکە ڕەت دەکەنەوە و ڕوونکردنەوەش بۆ ڕای گشتی دەخەنە ڕوو.
لە ڕوونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی داراییدا هاتووە: ماڵپەڕی نالیای سەر بە خاوەنێكی قەرزداری حكوومەتی هەرێم، هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی، گوایە حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2013ـەوە دەستی بەسەر نزیکەی 37 ملیار دیناری هاووڵاتییاندا گرتووە کە وەک پارەی مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە لە هاووڵاتییان وەرگیراوە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدرێتە هاووڵاتییان. هەروەها نووسیویشیەتی، پێش وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرە هەر هاووڵاتییەك كە مامەڵەی كردووە، بڕی 285 هەزار دیناری وەك بارمتە لێ وەرگیراوە، بەڵام لە 2014 بە بیانووی شەڕی داعش پێشینە وەستاوە و ئێستا حكوومەتی هەرێم نە پێشینەكە دەدات و نە 285 هەزار دینارەكە دەگێڕیتەوە بۆ هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی دارایی، ئاماژەی بەوەدا: بۆ بەرچاوڕوونیی هاووڵاتییان و پووچەڵكردنەوەی ئەو چەواشەكارییە، بە گرنگی دەزانن سەرەتا ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون بكەنەوە و ئینجا وەڵامێكی ماڵپەری نالیاش بدەنەوە:
1- پاڵپشت بە هەردوو بڕیاری سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (10452) و (11002) لە (10\9\2008) و 8\10\2008) بۆ چارەكردنی كێشەی نیشتەجێبوون و سوودوەرگرتنی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی نیشتەجێی شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بەپێی ڕێنمایی داریی ژمارە (44)ی ساڵی (2008) پیشینەی خانووبەرە بدرێت، ئەوە بوو لە ڕێگەی (16) بانكی خانووبەرەوە پرۆسەكە جێبەجێ كرا. بۆ زانیاریی هەموو لایەك ئەو پێشینەیە لە ساڵی (2008)ەوە تاوەكوو ساڵی (2013) بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان درا و لەو ماوەیەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (3 ترلیۆن و 214 ملیار و 513 ملیۆن و 458 هەزار و 300 دینار)ی بۆ پێشینەی خانووبەرە بە هاووڵاتییان دا و (196٦ هەزار و 721 كەس) سوودمەند بوون لەو پرۆسەیە.
2- پاڵپشت بە رێنمایی ژمارە (4)ی ساڵی (2010) كە هاوپێچە لەگەڵ ئەم ڕوونكردنەوەیەدا، لە مامەڵەی وەرگرتنی پێشینەی خانووبەرەدا، لە هەر هاووڵاتییەكی خوازیار، بڕی (250 هەزار دینار) وەرگیراوە نەك (285 هەزار دینار) وەك ماڵپەڕی كەناڵی (نالیا) لە هەواڵەكەیدا نووسیویەتی! ئەو (250 هەزار دینارە)ش وەک خەرجییە كارگیڕییەكان (المصاریف الاداریه) بەرامبەر بە (كرێی لێژنە، پشكنین، چاپەمەنی، گواستنەوە، ڕووپێو، شارەزا) كۆی ئەو پارەیەش بڕی (37 ملیار دینار) نییە وەك ماڵپەڕی كەناڵی (نالیا) نووسیویەتی، بەڵكوو راستیەكەی بڕی (5 ملیار و 18 ملیۆن و 500 هەزار دینار)ە و لە (20074) هاووڵاتی وەرگیراوە كە مامەڵەیان پێشكەش كردووە و پشكنینی موڵكیان بۆ كراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە پێشینەی خانووبەرەیان بۆ خەرج بكرێت، ئاگاداری هەموو لایەكیش دەكەینەوە كە هەر یەكێك لەو هاووڵاتیاینە سەردانی بانك بكەن و داوای ئەو (250 هەزار دینار)ە بكاتەوە، بانكەكە بۆی دەگەڕێنێتەوە و هیچ كێشەی نییە، هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەك تا ئێستە چەندین هاووڵاتی داوای پارەكەیان كردووەتەوە و (250 هەزار دینار)ەكەیان وەرگرتووەتەوە.
3- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری، زیاتر لە ترلیۆنێك دیناری وەك قەرزی كشتوكاڵ و قەرزی بوارەكانی تر بەخشیوە بە قەرزخوازان، ئەوەشی بە ئەركی سەرشانی خۆی زانیوە لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویێكەوە، لە سۆنگەی ڕەچاوكردنی دۆخی ئابووریی خەڵكیشەوە، هیچ جۆرە فشارێكی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەكردووە.
لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە پسپۆرییەکانی وەزارەتی دارایی، گوتی: "بە پێویستی دەزانین، بەبیر كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی بهێنینەوە، لەم كاتەدا كە ئەو هەواڵە بڵاو كراوەتەوە، كەناڵی نالیا و خاوەنەكەی، قەرزێكی یەكجار زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لایە و نەیانداوەتەوە، جیا لە پارەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند و تەنانەت زۆر لە كارمەندانی كەناڵەكەش كە مووچەیان خوراوە. خۆ ئەگەر سەرۆكی ئەو حزبەی خاوەنداریی كەناڵی (نالیا) دەكات، كەسێكی سەرڕاست بوایە و بەڕاستی لە خەمی مافی خەڵكدا بوایە، با ئەو قەرزە زۆرەی حكوومەتی هەرێمی بگێڕایەتەوە كە لە سامانی گشتییە و پارەی خەڵكە، بەدڵنیاییەوە دەیان كێشەی خەڵكی پێ چارە دەكرا."