پۆلیسی هەولێر کەسێکی بە تۆمەتی دزینی چەندین ماتۆڕسکیل دەستگیر کرد

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵێنەوە توانییان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن، کە چەندین ماتۆرسکیلی دزیوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کرانەوە بە بوونی دزینی چەندین ماتۆڕسکیل و تۆمارکردنی چەندین ساکاڵا، دەستبەجێ تیمەکانیان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە، لە ئاکامدا توانییان تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان بکەن، کە هەڵساوە بە دزینی ژمارەیەک ماتۆڕسکیل.
پۆلیسی هەولێر سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، بە پلانێکی تایبەت و لە ڕێگەی تەکنیکی کارکردنی خۆیان، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و ئێستە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕادەستی دادگا کراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتییەکە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دڵنیا دەکاتەوە، کە پۆلیسی هەولێر لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شار و چەسپاندنی سەروەریی یاسا شەو و ڕۆژ لە ئەرکدان و سەروماڵی هاووڵاتییانیش پارێزراوە.