خولی نایابی کوردستان بە چەند گۆڕانکارییەکەوە دەستپێدەکات

سیروان نەجمەدین، سکرتێری فیدرایسۆنی تۆپی پێی کوردستان
سیروان نەجمەدین، سکرتێری فیدرایسۆنی تۆپی پێی کوردستان

خولی نایابی کوردستان چەند گۆڕانکارییەکی تێدا دەکرێت و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کاتی دەستپێکردنەوەی خولەکە ئاشکرا دەکات.

دوای چەند مانگێك لە تەواوبوونی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان، کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێ ببووە پرسیاری بەشێکی زۆر لە یانە و هەوادارانی ئەو خولە لە میدیا بە گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی، بۆیە کوردستان24 وەڵامی ئەو پرسیارەی شەقامی وەرزشی کردە خەمی خۆی.

سیروان نەجمەدین سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: خولی نایابی کوردستان دوا نەکەوتووە و هەموو ساڵێك دەستپێکی خولەکە دەکەوێتە کۆتایی مانگی 10 یاخود سەرەتای مانگی 11، ئەمساڵیش لە 2024/10/25 دەستپێدەکات.

لە درێژەی قسەکانیدا سیروان نەجمەدین ئاماژەی بەوەکرد: کەشوهەوای کوردستان باراناوییە و بەرنامەکانمان تەواو بووە، بۆیە چەند بڕیارێك دەدەین و زۆر مەرج و رێنمایی نوێمان دەبێت، چەند لیژنەیەكیش پێكدەهێنین وەك:

- لیژنەیەك تایبەت بە سەردانی یاریگەکان

- لیژنەیەك بۆ رێکار و سزاکان

- لیژنەیەك تایبەت بە پێشبڕکێکان

سکرتێری فیدراسیۆنەکە زیاتر دوا و گوتی: بۆ شایستە داراییەکانی ناوبژیوانانی خولەکانی کوردستانیش نووسراومان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و بەڕێوەبەری وەرزش بەڵێنی خەرجکردنی شایستەکانی لە ماوەیەکی کورت داوە.

سەبارەت بە فوتساڵی کچان سیروان نەجمەدین دەڵێت: بابەتەکە بەو شێوەیە نییە، کە لە راگەیاندن باس دەکرێت و دەمانەوێت داکۆکی لە مافەکانیان بکەین بۆئەوەی زوڵمیان لێنەکرێت، ئێمە تەنیا داوامان لە فوتساڵی عێراق کردووە نووسراوێکمان بۆ بکەن تاوەکو هاوکاریانبین، چۆن دەبێت یاریزانێکی کورد خۆی لە هەڵبژاردەی عێراق بێت پێی بڵێیت وەرە تاقیکردنەوە بکە؟!.