یونیسێف: زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی غەززە بۆمباران کراون
ڕێکخراوی یونیسێف داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانە و پەناگەی ئاوارەکان دەکات و ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی کەرتی غەززە بۆمباران کراون.
یونیسێف وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکانی غەززەی تێدا بوو، ڕایگەیاندووە، هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی "تابعین" لە کەرتی غەززە منداڵانیشی کردووەتە قوربانی، کە ئاوارەکان بڕوایان وایە قوتابخانەکان شوێنێکی پارێزراون.
ڕێکخراوەکە، داوای پاراستنی قوتابخانە و پەناگەکانی کردووە بۆ ئەوەی توندوتیژیی دژی منداڵان ڕابگیرێن.
هەروا ئاماژەی داوە، لە 10 مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە %50 ئەو قوتابخانەیانەی کە وەک پەناگە بەکاردەهێنرێن لە غەززە ڕاستەوخۆ بۆمباران کراون، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵان و خێزانەکان هەیە.
بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاندووە، دوا ئاماری کوژراوانی هێرشەی بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە بۆ سەر قوتابخانەیەک، گەیشتووەتە 93 کوژراو و 54 بریندار، کە بەشێک لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و چەند کەسێکیش بزر بوونە.
لەلایەن خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لەو هێرشەدا نزیکەی 19 چەکداری حەماسیان کوشتووە، کە قوتابخانەی "تابعین"یان وەک بنکە بەکار هێناوە. بەڵام بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، پاساوەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی لە قوتابخانەیەکەی گەڕەکی دەراج کردوویەتی نا ڕاستە و چەواشەکاریە، چونکە ئەوانەی کوژراون لە نوێژی بەیانیدا بوون و منداڵان، فەرمانبەرانی مەدەنی، مامۆستای زانکۆ، پیاوانی ئاینی بوون هیچ پەیوەندییەکیان بە کار سیاسی و سەربازییەوە نەبووە.