سوپای ئیسرائیل دوو تاوەری نیشتەجێبوونی لە شارۆچکەی حەمەد لە باکووری خان یونس بۆردومان کرد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل دوو تاوەری نیشتەجێبوونی لە شاری نیشتەجێبوونی حەمەد، لە باکووری خان یونس بۆردومان کرد.
لای خۆیەوە، بەرگریی شارستانیی لە غەززە ڕایگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو باڵەخانانە برینداربوون و گوازراونەتەوە بۆنەخۆشخانەی ناسر، لە خان یونس، هەروەها ژمارەیەکی زۆر خەڵکیش لە شاری غەززە و باکووری کەرتی غەززە لەژێر هەڕەشەی بۆردوماندا ئاوارە بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە "هەڕەشەی ئیسرائیل هەیە بۆ چۆڵکردنی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی خان یونس".
پێشترسوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی گەڕەکی جەلا لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە کرد کە "دەستبەجێ" چۆڵی بکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەو ناوچەیە.
لەلایەکی دیکەوە مێدیاکانی فەڵەستین ڕایگەیاند کە دانیشتووانی بلۆکی 36 لە شارۆچکەی حەمەدی خان یوونس، لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئاگادارکراونەتەوە، بلۆکەکە چۆڵی بکەن.
ڕۆژی شەممە، 10ـی ئابی 2024، مێدیا فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل لە کاتی نوێژی بەیانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەراج، لە ناوەڕاستی شاری غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.
هەر دوێنێ شه‌ممه، 10ـی ئابی 2024، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه ڕایگه‌یاند، تادێ به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه ژماره‌ی كوژراوان و برینداران زیاتر دەبن و له هه‌مان كاتدا دانیشتووان تووشی برسییه‌تیی و نه‌هامه‌تیی سەخت بوونە.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌هۆی هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه ژماره‌ی كوژراوان بۆ 39 هه‌زار و 790 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 92 هه‌زار و دوو كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.
لای خۆیەوە کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین هۆشداری دا له به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رته‌كه.
کەرتی چاکسازیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەلەستین ڕایگه‌یاند، تا ئێسته له ئه‌نجامی هێرشه‌كانی ئیسرائیل‌دا زیاتر له 10 هه‌زار كه‌س كه نیوه‌یان منداڵن كه‌مئه‌ندام بوونه.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.