ڕووسیا لە ترسی هێرشی ئۆکرانیا دانیشتووانی ناوچەیەکی سنووریی ڕادەگوازێت

دوای هێرشەکەی سوپای ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا، حکوومەتی ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024، ڕایگەیاند، دانیشتووانی ناوچەیەک لە بێلگۆرۆد لەسەر سنووری ئۆکرانیا چۆڵ دەکەن بەهۆی ترس و گومان لە هێرشی چەکدارانی ئۆکرانیا.
ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری ناوچەی بێلگۆرۆد لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی تێلیگرام بڵاوی کردووتەوە، دەڵێت: بارودۆخەکە ئاڵۆزە و جێگەی نیگەرانییە، چونکە کردە چەکدارییەکانی ئۆکرانیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کراسنۆنۆرۆگسکی زیادی کردووە.
هەر لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە "بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکە، دەستیان کردووە بە ڕاگواستنی خەڵکەکە بۆ شوێنێکی سەلامەتتر".
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ڕووسیا کۆی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی ڕادەگوازرێت، نزیکەی 14 هەزار کەسە.
لە بەرانبەردا بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، ئەم ڕاگەیاندنەی پارێزگاری بێلگۆرۆد لە کاتێکدایە کە سوپای ڕووسیا لە سێشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە لە هەرێمی کورسک ڕووبەڕووی هێرشێکی توندی چەکداریی شەڕکەرانی ئۆکرانیا بووەتەوە کە نزیکەی هەزاران سەربازی ئۆکرانی تێیدا بەشدارن.