چاودێرانی سیاسیی ڕووسیا، کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان تورکیا و سووریا بەدوور دەزانن
میخائیل بەگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ڕایگەیاند "بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی تورکیا و سووریا ئامادەن لە مۆسکۆ دەرفەتی دیدار بڕەخسێنین". چاودێر و پسپۆڕانی ڕووسیاش دەڵێن: پرسی ئامادەیی هێزەکانی تورکیا لە ناو خاکی سووریا و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چەند بابەتێکی دیکە کۆسپی گەورەن لەبەردەم کۆبوونەوەی لووتکەدا.
ئەندرێی ئەنتیکۆڤ، شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاند "پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا، ڕووسیا هەوڵی دا بۆ هێنانەکایەی ئاشتی لە نێوان سووریا و تورکیا، بەڵام دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بابەتەکە بێدەنگی لێ کرا. دەشڵێت: ئێستا سەرۆکی تورکیا نیازی خۆی بۆ ئاشتی نیشان داوە، بێگومان ڕووسیا دەتوانێت هەماهەنگ بێت، چونکە پەیوەندی لەگەڵ سوریا و تورکیادا باشە. بە بڕوای من، جارێ زووە باس لەم دەرفەتە بکرێت، چونکە عێراقیش وەک وڵاتی ناوەندگیر ناوی دێت. ڕووسیا بە تەنگ ئاشتکردنەوە و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە و دیمەشقەوەیە، پێم وایە کە دیداری لووتکە ڕەنگە هەنگاوێک بێت بۆ چارەی ئەم کێشانە و بێگومان لە چوارچێوەی دیدارێکدا ئەستەمە ئەم کێشانە هەمووی یەکلایی بکرێتەوە".
بە گوتەی پسپۆڕان لە مۆسکۆ، ڕووسیا لەگەڵ هەریەک لە سووریا و تورکیا لە گفتوگۆدایە، بۆ رێکخستنی یەکەم دیداری لووتکە، بەڵام مەرجەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دژوارن.
ئەندرێی بەکڵانۆڤ، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ڕووسیا هەوڵ بۆ سازشکردن بە لایەنەکانی کێشەکە نادات، بەڵکو هاوکار و هەماهەنگ دەبێت، ئاشنای هەڵومەرجی ناوچەکەین بەباشی، بۆیە لایەنەکان دەبێت لەسەر بنەمای ڕاستیی ڕەوشەکە هەنگاو بنێن، لێدوانی مێدیایی بێبنەما هیچی لێ سەوز نابێت. ئەم سەرەنجانە زیاتر ڕوویان لە تورکیایە، چونکە ئێمە لە ڕەوشی سووریا ئاگادارین، تورکیا هەڵوێستی توندە، بەڵام بنەمای دروستی نییە. هەرچی سووریایە لەپێناو ئاسایشی خاکی وڵاتەکەیدا توندە لەسەر مەرجەکانی و پێداگری دەکات. ئەو بابەتەی پرسەکە ئاڵۆز دەکات، بریتییە لە بوونی هێزی تورکیا لە ناو خاکی سووریادا، لەم کێشەیەدا ڕووسیا دەتوانێ ڕۆڵی هەماهەنگ بگێڕی.
