دەزگای ئاسایشی هەرێم: بڕیکی زۆر لە ماددە هۆشبەرەکان کە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لەناو دەبرێن

گوتەبیژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەفەرمانی دادوەر تەواوی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو، ئەمڕۆ لەناو دەبرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبیژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە ماوەکانی ڕابردوودا دەستیان بەسەر گیراوە، بەفەرمانی دادوەر، ئەم ماددانە بڕیاری کۆتاییان لەسەر دراوە.

ئەو گوتەبێژە دەڵێت: بە فەرمانی دادوەر، ئەمڕۆ سەرجەم ئەو ماددانە بەشێوەیەکی زانستی دەسووتێنرێن و لەناو دەبرێن. ماددەکان بڕێکی زۆرن و جۆراوجۆرن.

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵیت: بڕێکی زۆری دیکە ماددەی هۆشبەر هەن بەڵام ئێستە لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە دەکرێت و لە پێداچوونەوەن لە دادگاکان. ئەمڕۆ لیژنەیەک پێک هێنراوە لە لیژنەی تەندروستیی سلێمانی، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لەنزیکەوە ئاگاداری سووتانی ماددەهۆشبەرەکان دەبن.

عەقید سەلام عەبدولخالق ڕاشیگەیاند "تلیاک بڕی چوار کیلۆ و 777 گرام، کریستاڵ 15 کیلۆ و 71 گرام بووە، حەبی جۆراوجۆری ماددەی هۆشبەر نزیکەی 250 ملیۆن دەنکە، حەشیش 19 کیلۆ 415 گرامە، ماددەی ڤیتامین زیاتر لە چوار کیلۆگرامە، مۆرفین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بەکاری دەهێنن زیاتر لە 50 کیلۆگرامە، لەگەڵ ماددە جۆراوجۆرەکانی دیکەش کە لەلایەن لیژنەکانەوە دیاری کراون، ئەمڕۆ لەناو دەبرێن".

Fly Erbil Advertisment