بەمووشەک هێرشکرایەوە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە دێرەزور

بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە دێرەزور - ڕۆژئاوای سووریا
بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە دێرەزور - ڕۆژئاوای سووریا

هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆنیکۆ کە هێزەکانی ئەمەریکا تێدا جێگیرە و لە بەرانبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی گرووپە میلیشیاکانیان داوەتەوە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، شەوی ڕابردوو گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران چەند مووشەکێکیان ئاراستەی کێڵگە کردووە کە دەکەوێتە باکووری شاری دێرەزوری ڕۆژئاوی سووریا، هەر لە دوای هێرشەکەوە فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ماوەیەک زۆر لە ئاسمانی دەشتیاییەکانی دێرەزور سووڕاونەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ شوێنێک بۆمباران بکەن.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، لە دوای هێرشە مووشەکییەکە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە چەکی مامناوەند لە قەراغی ڕووباری فوراتەوە لە نێوان ناوچەکانی حەوایج زیاب و زغێر وەڵامی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانی داوەتەوە.

شەڕو ئاڵۆزییەکانی هەسەدە لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و بەشێک لە هۆزە عەرەبەکانی لەلایەن حکوومەتی سووریاوە پشتیوانی دەکرێت هەفتەیەکە بەردەوامە و بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری، بەهۆی پێکدادانەکانەوە 45 کەس کوژراون لەنێویاندا 18 کەسی سڤیل هەن کە هەشتیان منداڵن. هەروەها دوو ئەندامی هەسەدە و 25 چەکداری نزیک لە ئێران و ڕژێمی سووریا کوژراون، جیا لەمانەش 48 کەسی سڤیل و حەوت چەکداریش برینداربوون.