کەمپەینێک بۆ قوتابییانی ئاوارە و منداڵانی نازدار لە کەمپەکان کرایەوە
کەمپەینێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خۆڕاگریی لە ماڵەوەدا، بۆ قوتابییانی ئاوارە و منداڵانی نازدار لە کەمپەکان، لە قوتابخانەی Our Bridge لە خانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک کرایەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان بڵاوی کردەوە، تیمی ڕاهێنەرانی وەڵامدانەوەی خێرا، خولێکی سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بۆ 27 قوتابیی و منداڵانی نازدار لە کەمپەکان کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، کەمپەینەکە سەبارەت بە ئاگرکوژاندنەوە و فریاگوزاریی سەرەتایی و بوومەلەرزە و چەند بابەتێکی دیکە بوون، بۆ ئەوەی قوتابیانی ئاوارە و منداڵانی نازدار لە کەمپەکان، بتوانن لە داهاتوودا لە ماڵەوە بۆ ڕزگاریی گیانی خۆیان و دەوروبەریان سوودی لێ وەربگرن لە حاڵەتی پێویستدا.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان ئاشکرای کردووە "زنجیرەی ئەم جۆرە کەمپەینانە بەردەوامە و هەر لەو هەفتەیەدا کەمپەینێک بۆ 15 خۆبەخشی پارێزگای سلێمانی لەلایەنی تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای ئەو پارێزگایە کرایەوە، بڕیارە لە هەولێر و سلێمانیش هەمان کەمپەین بکرێتەوە".
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان دەڵێت: ئەم جۆرە کەمپەینانە بە هاوبەشی و ھەماھەنگیی ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانیی بۆ هاوکاری تەکنیکی THW کراون،لە 2021 تا ئێستا 44کەمپەینی لەم شێوە کراون و 1885کەس تێیدا سوودمەند بوونە، ئەمەش لە پێناو ئەنجامدانی فریاگوزاریی سەرەتایی لە ڕووداوە نەخوازراوەکاندا، پێشی گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاریی.