قایمقامی قەزای مەخموور: پێویستمان بە نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی هەیە

ڕزگار محەمەد قایمقامی مەخموور
ڕزگار محەمەد قایمقامی مەخموور

قایمقامی قەزای مەخموور ئاشکرای دەکات، پرۆژەی دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەخموور جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا  پێویستمان بە دروستکردنی نەخۆشانەیەکی 100 تەختی هەیە.

پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، ڕزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: شەش ملیار و 700 ملیۆن دینار لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ پرۆژەکانی مەخموور خەرج کراوە، دەڵێت: هەوڵمان داوە لە هەموو کەرتەکاندا، بەتایبەتیش کارەبا خەرجی بکەین، چونکە بڕێکی زۆری کارەبا بۆ پرۆژەکانی کشتوکاڵ دەڕوا و جووتیاران بۆ بیرەکانی کشتوکاڵی بەکاری دێنن و بارگرانی بۆ وێستگەکانی کارەبا دروست بووە. گوتیشی: داوای دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبامان کردووە کە کێشەکانی قەزای مەخموور و قەراج لە کارەبا چارە دەکات.

دەشڵێت: چونکە  بودجەکەمان لە نەینەوایە، بۆیە وەزارەتی پلاندانی فیدراڵی داوای ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بوودجەی پرۆژەکان بدەن، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی ئەو گوندانە بەهۆی باردۆخە جیاوازەکان وەکو خۆی نەماوە، بۆیە پێمان باش بوو لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر پرۆژەکان جێبەجێ بکەین.

قایمقامی قەزای مەخموور گوتی: پارێزگای هەولێر بۆ پرۆژەکان پشتیوانیمانی کردووە. پێشینەی کارەکانیشمان وێستگەی کارەباکەیە کە بە دوو ملیار 585 ملیۆن دیناری عێراقی جێبەجێ دەکرێت، پرۆژەکانی دیکەش دەکەوێتە سەر پارێزگای نەینەوا و بوودجەی فیدراڵی کە ئیدی بۆمان زەحمەت دەبێت، بۆیە پەنامان بۆ هەولێر بردووە لە دروستکردنی ڕێگەوبان و قوتابخانە.

گوتی: پێویستمان بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 تەختی هەیە کە  لە ساڵی 2010 ەوە ڕەزامەندی دراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە کە بڕیارە لەسەر بوودجەی پارێزگای نەینەوا جێبەجێ بکرێت.