مەسعود کاڕەش: دروستکردنی چەندین پۆند و ئاوەڕۆ دەبنە ڕێگر لە هەستانی لافاو
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات، چەندنین پرۆژە لە هەولێر و دەورووبەری دروست دەکرێن، دەشڵێت: بە دروستکردنی چەندین پۆند و ئاوەڕۆ، ڕێگریی لە هەستانی لافاو دەکەن لە هەولێر.
پێنجشەممە 15ـی ئابی 2024، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چەندین پرۆژە لە بواری ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ، بەنداو و قیرتاوکردن دەکرێن، دەڵێت: دوو ئۆڤەر فلای لە شەقڵاوە ئێستا جێبەجێ دەکرێت، هاوکات لە هەولێر کۆمەڵێک پرۆژە لەسەر داهاتی سەدا 15ـی داهاتی شارەوانییەکان هەن، لەوانە لە ئیسکانی کۆن، زیلان، تەیراوە، ڕەشکین، دەشڵێت: لە پیرزین بایی 500 ملیۆن دینار ئێستا شەقامەکان قیرتاو دەکرێن.
جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت: یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی کوردستان دروستکردنی پۆندە بۆ گلدانەوەی ئاو، لەوانە پۆندی ئاقووبان کە ئێستا تەواو بووە، لە بنەسڵاوە و دارەتووش پۆند دروست دەکرێن، سەرباری ئەوەی لە زرارەتیش کۆمەڵێک پرۆژە دوای سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ گوندی زەرواو دەستیان پێ کراوە، لەوانە پرۆژەیەک بە ملیارێک و 300 ملیۆن کە بریتییە لە شەقام و ئاو و ئاوەڕۆ و دروستکردنی بەنداوێک.
دەڵێت: بەشی پارێزگای هەولێر بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان 121 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، ئەو بڕە پارەیەش دابەشکرایە سەر 10 قەزای پارێزگاکە.
مەسعود کاڕەش ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی پێویستیی، جێبەجێکردنی پرۆژەکان ڕیزبەند کران لەناو شار و دەرەوەی شار و گوندەکان، زۆرینەی پرۆژەکانیش لەبواری قیرتاوکردن و دروستکردنی شەقامە سەرباری کەرتی دیکەش، لەوانە دروستکردنی پردێک لە گەڕەکی ئاوێنەی شار بە چوار ملیار دینار لەگەڵ چەند پردێکی دیکەی پەڕینەوە لە هەولێر، بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و ئاو و ئاوەڕۆ پارەیەکی زۆر تەرخان کراوە، بەهەمان شێوە لە بواری تەندروستی و کارەبادا پارە تەرخان کراوە.
جێگری پاریزگاری هەولێر گوتی: بۆ چارەی پەنگخواردنەوەی ئاو، پرۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ دروستکردنی پۆندێک لە دارەتوو بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری لافاو، هاوکات لە بنەسڵاوەش پۆندێک دروست دەکرێت کە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە، دەڵێت: ئەو پۆندانە دەبنە بەشێک لە هۆکانی کەمکردنەوەی لافاو لە هەولێر.