توڕەییەکانی شەقامی عێراقی دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی تا دێت پەرەدەسەنێت

توڕەییەکانی شەقامی عێراقی دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی تا دێت پەرەدەسەنێت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافەکانی ئافرەتان لە بەیاننامەیەک ڕایدەگەیەنن، یاسایەکیان پێ قبوڵ ناکرێت کە مەزهەب دیاری بکات و ڕێگە بدات کچی تەمەن 9 ساڵ مارە بکرێت.

پارێزەرێکیش هۆشداری دەدات کە پەرلەمانتارە شیعەکان دواین ڕەشنوسی هەموارەکەیان شاردووەتەوە و دەیانەوێت دوای کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتیەکان، لە پەرلەمانەوە پەسەندی بکەن .

چالاکوانان وادەڵێن، "هەموارکردنی یاسایی باری کەسی شەقامی عێراقی خرۆشاندووە و ڕێکخراوەکانی بە جۆرێک توڕە کردووە کە شەقام چۆڵ ناکەن، دژی ئەو هەموارکردنە هەر ڕۆژە و جۆرە چالاکیەکیان هەیە، ئەوان یاسایەکیان پێ قبوڵ ناکرێت کە مافی بەخێوکردنی مناڵ بداتە باوک، دوای جیابوونەوە و ڕێگاەپێدراوبێت کچی تەمەن 9 ساڵ هاوسەرگیری بکات و سەپاندنی چەندان ماددەی دیکە کە لە بەرژەوەندی ئافرەتدا نییە".

ئیسرا خەفاجی مافناس، چالاکوان بە کوردستان24 دەڵێت، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە دادگایەکی مەزهەبی هەبێت، چونکە ئێمە یەک کۆمەڵگاین، ئەم هەموارە دژی کۆمەڵگا و خێزانی عێراقییە بە تایبەت ئافرەتان پەراوێز دەخات، زۆرینەی مافەکانی لێوەردەگرێتەوە بۆ نموونە؛ نەهێشتنی (نەفەقە) یان پارەی پێدانی بەخێوکردنی منداڵ دوای جیابوونەوە".

ئیناس جەبار، چالاکوان گوتی، "ئەم یاسایە زیاتر لە 60 ساڵە کاری پێدەکرێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چوارەم باشترین یاسای باری کەسیە، هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام هەموارکردنەوەکەی مەزهەبگەرایی لە عێراقدا تۆخ دەکاتەوە".

لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت، خوێندنەوەی یەکەمیشیان بۆی کردووە ، پارێزەرێکیش دەڵێت:دواین ڕەشنوسی هەمواری یاساکە لە پەرلەمانەو شاردراوەتەوە، چونکە چاوەڕێن کاردانەوەکانی شەقام لە دژی ئەو هەموارکردنەوەیە هێورببێتەوە ئەوسا هەموارکردنەکە پەسەند بکەن ،

لای خۆیەوە، پارێزەر مەنار حەسان، ڕایگەیاند، "هەمواری یاسای باری کەسی تا ئێستە دواین ڕەشنوسی نەخراوەتە بەردەستی هاووڵاتییانی عێراق، چونکە ئەو پەرلەمانتارانەی ئەو هەموارکردنەیان پێشنیاز کردووە، دەیانەوێت توڕەییەکانی شەقام کۆتایی پێ بێت و ئەو کاتە هەلێک بدۆزنەوە و بیخەنە دەنگدانەوە، بەڵام هاووڵاتییان مافی خۆیانە کە یاسایەکیان هەبێت لەگەڵ دابونەریت و کۆمەڵگا و ئاینەکەیاندا بگونجێت و سەرچاوەی یاساکەش ئاینی ئیسلام بێت.