کۆمپانیایەک 20 ملیار دیناری پرۆژەیەکی نەینەوای بردووە
ئەمڕۆ شەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، سزای زیندانیکردن بە غیابی لە دژی بەڕێوەبەرێکی کۆمپانیایەکی تایبەت دەرچوو، کە نامەی گەرەنتی ساختەی پێشکەش کردووە و پێشینەی کارپێکردنی وەرگرتووە بە بڕی 20 ملیار دینار لە پارێزگای نەینەوا.
دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دادگای تاوانەکانی موسڵ لە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ 'عەبدولناسر حامید حازم حەمید' بە غیابی دەرکرد؛ چونکە ئەو کەسە شێوازێکی ساختەی بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پێشینەی 20 ملیار دینار تاوەکو نەخۆشخانەیەکی فێرکاری زانکۆیی 600 قەرەوێڵەیی دروست بکات.
دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە "کۆمپانیاکە کە سزادراوەکە بەڕێوەبەری بووە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2014". هەروەها نوێنەری یاسایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانکۆی موسڵ داوای سکاڵا و قەرەبووکردنەوەیان لە کۆمپانیای تۆمەتبار کردووە، لەکاتێکدا نوێنەری یاسایی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا ڕایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیەکەی هیچ زانیارییەکی لەسەر گرێبەستەکە نەبووە.
دەستەی دەستپاکی جەختی کردەوە، دادگا پێداچوونەوەی بەو لێکۆڵینەوە کارگێڕییەدا کرد کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی بەشی لێکۆڵینەوەکان کرابوو، کە بریتی بوو لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی بڕی نووسراوەکانی گەرەنتی و پێداچوونەوە بە دۆسیەی چوار لەو تۆمەتبارانە، دواتر بڕیاردرا بە تاوانبارکردنی تۆمەتباری سەرەکی بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (456/1) لە یاسای سزادانی عێراق بە دەستگیر کردن.