سەنووسەری کەیهان: رەفسەنجانی داوا لە ئەمریکا دەکات هێرش بکاتە سەر ئێران

دژایه‌تیكردنی رۆحانی ده‌ستیپێكردووه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/17e0fb47-3454-403d-8394-00165cfa503a/Kebrke%20bo%20serokkomari.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

رێککەوتنی ناووکی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەك، درزی زیاتری خستووەتە نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بەشێك پێیانوایە دوای رێککەوتن، پێویستە، هێزی سەربازیی نەبێتە کۆڵەکەی سەرەکی و بەشیکێش هەروا لەسەر بەهێزکردنی هێزی سەربازی و مووشەکی دوورهاوێژ پێدادەگرن.

ناکۆکییەك کە دەبێتە بیانووی کوتانی یه‌کتر لە کێبڕکێیەکی دیکەدا، کێبڕکێ بۆ پۆستی سەرۆك ‌کۆماریی ساڵی داهاتوو، هەرچەند تا ئێستا لایەنی به‌رامبه‌ری حەسەن رۆحانی لەسەر دەستنیشانکردنی بەربژێرێك بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری ئێران ساخ نەبوونەتەوە، بەڵام لەئێستاوە دژایەتیکردنی رۆحانی دەستی پێکردووە.

عەلی ئەکبەر هاشمیی رەفسەنجانی، کە خاوەنی کارنامەی دووخول سەرۆکایەتی کۆمارییە، پێچەوانەی چاوەڕوانییە بەراییەکان بۆ خولی داهاتوو تەمای بەربژاربوونی بەلاوەنا و راستەوخۆ پشتگیریی رۆحانی کرد.

هاشمی لە ئاخرین لێدوانیدا گوتی: "دوای رێککەوتنی ناووکی و کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان، کابینەی حەسەن رۆحانی لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەوەیدا زیاتر پێشدەکەوێت".

پشتگیریکردنی رەفسەنجانی لە رۆحانی، کاردانەوەی توندی لایەنی بەرامبەری لێکەوتەوە و حسێن شەریعەتمەداری سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان کە دەگوترێ لە ئایەتوڵڵا خامەنه‌یی نزیکە و رۆژنامەکەشی وەك رۆژنامەی توندی نەریتخوازان ناسراوە، لە سەروتاری رۆژی دووشەممەی ئەم رۆژنامەیەدا، رەفسەنجانیی تۆمەتبار کرد کە گڵۆپی سەوز بۆ ئەمریکا دادەگیرسێنیت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئێران.

شەریعەتمداری نووسیویەتی: "هاشمی دەڵێ ئەگەر دەبینن ئەڵمانیا و ژاپۆن ئێستا بەهێزترین دەسەڵاتی ئابووریی جیهانن بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە، دوای جەنگی جیهانی دووهەم دەسەڵاتی سەربازییان لێسەندرایەوە".

حسێن شەریعەتمەداری لەم لێدوانەی هاشمی بەو ئەنجامە دەگات، هاشمی دەیهەوێ دوای رێککەوتنی ناووکی ئێران هێزی سەربازیی کەم بکاتەوە و بە بوارەکانی دیکە رابگات کە ئەمەش راستەوخۆ بانگهێشتکردنی ئەمریکا بۆ هیرشکردن بۆسەر ئێرانە.

لەم کێشمەكێشمەدا، لایەنگرانی رۆحانیش نەوەستاون و بەردەوام خەریکی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی کابینەی مەحموود ئەحمەدی‌نژادن کە ئەگەری ئەوە هەیە وەک بەربژێری بەشێک لە پارێزگاران لە هەڵبژاردنەکان كێبڕكێی حەسەن رۆحانی بكات.