لێدوانی عێراق و ئەمەریکا لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یەک ناگرێتەوە

دژبەری لە نێوان لێدوانەکانی ئەمەریکا و عێراق لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و چۆنییەتی ناساندنی ئەو هێزانە بەدی دەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، بەهۆی پەرەسەندنەکانەوە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیان لە عێراق دواخستووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە، لە سەردانەکەی سوودانییەوە تاکوو ئێستا باس لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نەکراوە.
گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی یاخود چوونە دەرەوەی هێزەکان لە عێراق، هێزی سەربازیی یاخود ڕاوێژکاری.. دیارترین دژبەرییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکان لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
دوای گفتوگۆیەکی چەند مانگەی هەردوو حکوومەت، گرووپە چەکدارەکان دانووستانەکان دەگەڕێننەوە خاڵی سەرەتا و چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دوا دەخرێتەوە.
دوای هێرشی گرووپێکی چەکداریی نەناسراو بە ناوی سەورییون بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، واشنتن لێکگەیشتن و دانووستانەکانی دانانی خشتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق هەڵدەگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە، نزیکبووین لە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی لە عێراق، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە ڕاگەیاندنی ئەم ڕێککەوتنەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
ئاماژەی بەوەش کردووە؛ کاری لێژنەی باڵای سەربازیی لەم چەند مانگەی دوایی هەڵسەنگاندنی مەترسی داعش بووە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە کۆتایی بە ئەرکی ئەو هێزە بهێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش قسەمان لەسەر خشتەی پلیکانەیی کشانەوەی هێزە بیانییە ڕاوێژکارییەکان کردووە.
ئەمەریکا لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە هەرگیز باسی کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نەکردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا باس لە داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانی کراوە بەڵام هەرگیز باسی کشانەوەمان نەکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاندووە، لە بری کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی و کشانەوە لە عێراق باسمان لە وەرچەرخان بۆ پەوەندیی ئەمنیی هاوبەش کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش دانوستانەکان بەردەوامن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەرچەرخان بۆ پێوەندیی ئەمنی هاوبەش پشت بە رێککەوتنەکانی پێشوو دەبەستێت، ئەمریکا جەخت لە پابەندیی خۆی بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی ئەمنیی و پەرژەوەندیی هاوبەش دەکاتەوە.