بەرەی تورکمانی: دانووستان بۆ بەشداریی لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ناکەین

گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە دانووستانێک بۆ بەشداریی لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ناکەن.
محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو گوتەبێژی بەرەی تورکمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەرەی تورکمانی بەهیچ شێوەیەک نەچووەتە گفتوگۆوە بۆ بەشداریی لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.
گوتەبێژی بەرەی تورکمانی دەشڵێت: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن بەرەی تورکمانی گفتوگۆی چوونە ڕێککەوتنی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا دەکات، هیچ بنەمایەکیان نییە. بەپێچەوانەوە بەرەی تورکمانی ڕێز لە دەنگی پێکهاتەکە دەگرێت و چاوەڕوانی دادگە دەکات کە بڕیارێکی دادپەروەرانە سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی هۆتێل ڕەشید بدات.
چوارشەممە، 14-08-2024، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی یەکگرتوو لە عێراق، لە دادگای باڵای فیدراڵیی، سکاڵای لە دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک تۆمار کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەرەی تورکمانی، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکەی قبووڵ کردووە و بەم زووانە هەڵوێستی خۆی لەوبارەوە ڕادەگەیەنێت.
شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکەن و بە "نایاسایی" ناویان برد.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسین و ژمارەی کورسیی لایەنەکانیش لە دوایین هەڵبژاردن، بەم شێوەیە بوو:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان