ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەرمان پێشکەشی نەخۆشخانەی هیوا دەکات
ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بڕێک دەرمانی پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی کرد و بەرپرسی ئەو ڕێکخستنەش دەڵێت: بەشێک لەو دەرمانانە بە زەحمەت دەستی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکەوێت.
یەکشەممە 18ـی ئابی 2024، عەلی حوسێن بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە نەخۆشخانەی هیوا گوتی: بە پێویستمان زانی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە بکەین و هاوکارییان بکەین و پشتیوانیی خۆمانیان بۆ دووپات بکەینەوە؛ دکتۆر و کارمەندەکانی ئەم نەخۆشخانە دەستییان لە خزمەتکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە شارەکە دیارە. گوتیشی: بە توانای خۆمان و هاوکاریی دڵسۆزان، بە ئەرکی خۆمان زانی هاوکاریی ئەو نەخۆشانەیە بکەین کە خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە دەکات، دەڵێت: هەندێک لەو دەرمانانەی هێناومانە بۆ نەخۆشخانەکە، بە زەحمەت دەست دەکەوێت.
دواتر هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا، دکتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، ستایشی ڕێکخستنی پارتی کرد لە سلێمانی و هەڵەبجە بۆ هاوکاریی و پاڵپشتییان، ئاماژەی بەوەش کرد کە، نەخۆشخانەی هیوا خزمەتی نەخۆشانی عێراق بەگشتیی دەکات، بۆیە پێویستە هەمووان پشتیوانیی بکەن.