نووری مالیکی لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیی کەرکووک کۆ بووەوە

K24 – هەولێر:
شاندێکی هاوبەشی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیی کەرکووک لەمیانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا تاوتوێی پرسی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیان کرد و جەختیان لە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسی کەرکووک کردەوە.
یەکشەممە 18ـی ئابی 2024 نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و شاندێکی هاوبەشی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانیی کەرکووك کۆبوونەوە، کە تێیدا باسیان لە بارودۆخی گشتی وڵات کرد، هاوکات جەختیان لەسەر هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی کردەوە
هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کە لە دانیشتنێکدا لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا یەکلایی کرایەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان و پێکهاتەی تورکمانی و بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی هەوڵی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی سیاسی کەرکووک کرایەوە، هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە دەبێت حکوومەتێکی خۆجێی بەهێز لە پارێزگاکە هەبێت.
شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.