ئەشواق جاف: کەس ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی کەرکووک بدات جگە لە کەرکووکییەکان بەپێی ماددەی 140

ئەشواق جاف، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی
ئەشواق جاف، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، ماددەی 140 و هەموو ماددەکای دەستووری عێراق چالاکن و قابیلی جێبەجێ کردنە و بەپێی ناوەڕۆکی ئەو ماددەیەش، تەنیا هاووڵاتییانی کەرکووک دەتوانن چارەنووس و ناسنامەی شارەکەیان دیاری بکەن.

لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ کەرکووک، ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەکرد: دەستوور دژی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان نییە لە کەرکووک و دۆخی ئەو شارەشی واپێناسە کردووە، تاوەکوو یەکلایی کردنەوەی بەپێی ڕێکارەکانی ماددەی 140، دەکرێت ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای عێراق بەرزکرێتەوە و لە ڕووی دۆسیەی ئەمنیشەوە، دەبێت هێزی هاوبەشی هەردوولا ئەمنییەتی شارەکە و خەڵکەکەی بپارێزن.

ئەشواق جاف گوتیشی: لە کۆبوونەوەی 4ـی ئابی 2024، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە ئەوان وەک کورد قسە دەکەن و دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک، ئەشواق جاف گوتیشی: پارێزگاری ئێستای کەرکووک بە ئیرادەیەکی کوردستانی دانەنراوە و هەموو لایەنەکان لەگەڵیدا نین و باسی لەوەشکرد: ئەرکی پارێزگار لە کەرکووک قورس دەبێت بەهۆی ئەوەی نە جێگرێک و نە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و نە پۆستە گرنگەکانی شارەکە لای کورد نییە، تا لە کارەکان هاوکاری بن.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: ئەو ڕێککەوتنەی لە کەرکووک کراوە زیاتر بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندیی حزبی بووە و بەشێک لە پێکهاتەکانی کەرکووک باسیان لەوەکردووە: ئەوەی ئێستا بەدەستیان هێناوە، لە 2003ـەوە بەدەستیان نەهێناوە.

ئەشواق جاف باسی لەوەشکرد: لێدوانی سەرکردە عەرەبی و عێراقییەکان لەبارەی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەڵگەی ئەوەیە کە دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە لەسەر حسابی کورد، بەڵام کەرکووک دووجار تەعریب کراوە، جارێک پێش 2003 لە لایەن ڕژێمی پێشوو، جارێکیش لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تەعریب کراو و تەنانەت جووتیارانیش رێگەیان پێنەدرا کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانی خۆیان بکەن.

هاوکات ئەشواق جاف باسی لە رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد کە چەندین جار جەختی لەسەر کوردستانییەتی کەرکووک کردووەتەوە و ڕایگەیاند: ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی، پاراستنی مافی کەرکووکییە ڕەسەنەکان لەخۆدەگرێت و دووپاتکردنەوەی موساوەمە نەکردنە لەسەر مافی کورد و کوردستانییەتی کەرکووک بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەی دەکرێت.

شەوی شەممە 10ـی ئابی 2024 بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە بکرێت، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانیی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە سێ ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕەتیان کردەوە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردبێت و بە "نایاسایی" ناویان برد و جەختیان کردەوە: لە کاتی خۆیدا ئاگادارنەکراونەتەوە.