دوای پەسەندکردنی ناوی کاندیدان بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات و کۆمیسیۆنیش هۆشداری دەدات
K24 – هەولێر:
كاتی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیك بووەتەوە و چەند لایەنێک دابەشكردنی دەمانچەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێناوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش جەخت دەکاتەوە، هەر كەس و لایەنێك پابەندی ڕێنماییەكانی بانگەشە نەبێت، سزا دەدرێت.
لەلایەن خۆیەوە، مەڕوان محەمەد، بەرێوەبەری لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: دوای پەسەنکردنی ناوی کاندیدان، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات، ھەر کەس و لایەن و کاندیدێکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، جگە لە سزای پێبژاردن سزای زیندانیکردن و بڕیاری دوورخستنەوەی بەسەردا دەدرێت.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد: بەخشینەوەی چەک لە پێشێلکارییە گەورەکانە، پسپۆرێکی بواری ھەڵبژاردنیش ڕایگەیاند: باشترین بانگەشە ئەوەیە پرۆژەی خزمەتگوزاری و بەرنامەی ستراتیژیی کەرەستەی بانگەشە بێت نەک بەخشینەوەی پارە و چەک.
وابڕیارە لەگەڵ پەسەندکردنی ناوی کاندیدان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بکرێت تاوەکوو 48 کاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی بەردەوام دەبێت.
16ـی ئابی 2024، بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، هەرکەس و لایەنێک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، چەک ببەخشێتەوە ئەوا یاسای چەكی لەسەر جێبەجێ دەكرێت و ئاماژەی بەوەشکرد: هیوادارین لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوو نەدات و وەک خۆی بەڕێوە بچێت، داوا لە لایەن و حزب و كەسایەتییەكان دەکەین، بە چەكەوە بانگەشە نەكەن، چونكە ڕێگە پێدراو نییە.
وابڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکان و دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی وردبینی لە لیستی کاندیدان و پەسەندکردنی کۆتایی ناوەکان، چاوەڕێ دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.