وەزارەتی تەندروستی: ئەمڕۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ڕادەگەیەنین

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویان لەبارەی نەخۆشیی ئاوەڵەی مەیموون نییە و بە وردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی ئامادەباشیی و ئامادەکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە دەکەن.

وەزارەتی تەندروستی بڵاوی کردەوە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆپارێزی و تەندروستی و بەشە پەیوەندارەکان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی  کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە "لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بڵاوبوونەوە و سەرهەڵدانی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیمون کرا کە ئێستە لە نزیکەی 25 وڵاتدا هەیە. دوای تاوتوێکردن و شیکردنەوەی نەخۆشییەکە، بڕیاردرا کە ئەمڕۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئامادەکاریی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆ  دامودەزگاکانی تەندروستی ڕابگەیەنرێت. هاوکات بڕیار درا لێژنەی باڵای یەک تەندروستی (One Health) کە لیژنەیەکی باڵای هاوبەشە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ دابنرێت.

ئەو وەزارەتە ئەشکرای کردووە"بڕیارێکی دیکەیان ئەوەیە، پەیامەکانی تەندروستیی بە هاوڵاتییان و گەشتیاران بدرێت بۆ هۆشیاری تەندروستیی و هەڵمەتی راگەیاندن و ڕۆشنبیریی تەندروست بکرێت لەگەڵ دابینکردنی تێستی پشکنینی تاقیگەیی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەموو ئەوانەش لایەنە پەیوەندارەکان لەم ڕێکارانە ئاگادار بکرێنەوە".

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و وڵاتانی دیکەی ئەفریقا، ناچاربوون باری ناکاویی گشیی ڕابگەیەنن لە پێناو ڕێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

ئەدهانۆم ڕایگەیاندووە "ڕێکخراوەکەی لەسەر بنەمای ئامارەکانی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە وڵاتانی ئەفریقا، گەڕاونەتەوە بۆ ڕێنماییە تەندروستییەکانی ساڵی 2005 و باری نا ئاسایی و ناکاویی تەندروستیی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە".

هەروەها لێژنەکانی هەڵسەنگاندنی دۆخی کۆنگۆ و ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە ئاوڵەیان تێدا بڵاو بووەتەوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە تەشەنەسەندنی پەتاکە لە وڵاتانی ئەفریقا و دەرەوەی کیشوەرەکەش.

تێدرۆس ئەدهانۆم، ڕایگەیاندووە "خێرا بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون کە بە (mpox) لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ و لە چەندین وڵاتی دراوسێ، جێگەی نیگەرانییە، هاوکات لەگەڵ گەیاندنی دەرمانی پێویست بۆ چارەی تووشبووان، بەڵام ئاشکرا و ڕوونە کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکانێکی زۆر و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەماهەنگیی کۆمەڵگەی نێوەدوڵەتی پێویستە، تاوەکوو کار لە کار نەترازاوە و دۆخەکە لە دەست دەرنەچووە".

بەڕێوبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە "بەم نزیکانە ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ خۆپارێزی و ڕێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون بڵاو دەکەنەوە".

نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون، نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەیە و یەکەم جار لە ساڵی 1970 لە مرۆڤدا دۆزرایەوە کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەکەشی بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا دەگەڕێتەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئاوەڵەی مەیموون لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، بە وردی چاودێریی دۆخی ئەم نەخۆشییە دەکەن و تەواوی ئامادەباشی و ئامادەکاریی دەکەن، لە هەر حاڵەتێکیشدا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەنەوە.