کتێبی 'نامە ئەکادیمییەکان' بڵاوکرایەوە

هەرێم عوسمانی نووسەر، نوێترین کتێبی ئەدەبی خۆی بەناوی "نامە ئەکادیمییەکان" بڵاوکردەوە و کتێبەکە سەرچاوەیەکی زۆر باش و گرنگە بۆ قوتابیانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و زیاتر لە 30 نامە و تێزی ئەکادیمی تێدا نووسراوە.
هەرێم عوسمان، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کتێبی نامە ئەکادیمییەکان یەکێکە لەو کتێبانەی کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی جوان و بەسوود بێت، بۆ قوتابیانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا، بەتایبەت بەشی ئەدەب، ئەو کتێبە زیاتر لە 30 نامە و تێزی ئەکادیمی بەسەرکردۆتەوە و خستووتیەڕوو، لەبوارەکانی شیعر و ڕۆماندا. هەروەها لەیەکەم تێزی ئەکادیمی کە لە باشووری کوردستان نوسراوە دەستی پێ کردووە، بۆ ئەوەی کە نیشانی بدات کە ئەو نامانە لەبارەی چین و وردەکارییەکانی بخاتەڕوو.
ئەو نووسەرە گوتیشی: کتێبەکە هەوڵێکە بۆ خستەڕووی ئەو نامە ئەکادیمیانەی لە زانکۆ نووسراون و دونیای دەرەوە بێ ئاگایە لێیان، کتێبەکە بە سروشتی خۆی کراوە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان تایبەتە بە شیعری کوردی و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شیعر، بەشەکەی دیکەیان قسەکردنە لەسەر ڕۆمانی کوردی، لە هەر دوو بەشەکەدا، نامە ئەکادیمییەکان بە شێوەیەکی ورد و ئەکادیمی ڕۆچوونەتە نێو قووڵایی بابەتەکانەوە، لە ئەدەبی کلاسیکەوە قسەیان هەیە تا دەگات بە نوێگەری و قۆناغی ئێستامان، دەتوانین بێ هیچ دوودڵییەک ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ ناوزەد بکەین، چونکە خودی کتێبەکە خۆی و بابەتەکانی، پشت ئەستوورن بە چەندین سەرچاوەی گرنگ و بە شێوەیەکی ئەکادیمی نووسراون و ماستەریان لەسەر وەرگیراوە.