رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە
500 ملیۆن دۆلاری کاش لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق
رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 10، لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواو بووە، دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پارەکە تەمویل دەکرێت، هاوکات ئەمڕۆ 500 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەنمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ و سبەی کۆتایی دێت، دوای ئەوەش وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەست بە تەمویلکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە دوو بۆ سێ مانگی رابردوودا حکوومەتی عێراق بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانی مووچە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دابەش بکات، بەڵام ئەم مانگە پرۆسەکە زووتر بەڕێوەدەچێت. لە ئەنجوومەنی وەزیران باس لەوە کراوە دۆخی دارایی عێراق بەهۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتەوە باشتر بووە، هەر ئەمەش هۆکاری زووتر دابەشکردنی مووچەیە لەم مانگەدا. تەواوی رێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆتاییان هاتووە.
پەیامنێری کوردستان24 روونیکردەوە، محەمەد تەمیمی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 500 ملیۆن دۆلار لە ئەمریکاوە دەگاتە عێراق، بەگوێرەی رێکارەکان، دوای ئەو 500 ملیۆن دۆلارە لە 10 رۆژی داهاتووشدا 500 ملیۆن دۆلاری دیکە دەنێردرێت کە کۆی گشتی دەبێتە یەک ملیار دۆلار. هەروەها لە ماوەی سێ مانگدا بڕی سێ ملیار دینار بۆ عێراق دەنێردرێت و چاوەڕوان دەکرێت بە گەیشتنی ئەو دۆلارانە، بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا جێگیر بێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووبووەوە کە بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی دراوی قورسی هەیە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەهای دۆلار بۆ نزیکەی 170 هەزار دینار بەرز بێتەوە. پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هاتنی ئەو 500 ملیۆن دۆلارە، بەهای دۆلار روو لە دابەزین بکات.
رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لیستی مووچەی مانگی 10 یان رادەستی بەغدا کرد.