لە ئەنبار پردێک پێش کردنەوەی، ڕووخا
پردێک لە پارێزگای ئەنبار بووەتە هێمای گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە پێش کردنەوەی ڕووخا!
پردێکی فەلوجە بووەتە گەواهیدەری بەهەدەردان و گەندەڵی لە پارێزگای ئەنبار، چونکە پێش ئەوەی بکرێتەوە، هەرەسی هێنا. چاودێرانیش هۆی هەرەسهێنانی پردەکە بۆ خراپی ئەو کەرەستانە دەگێڕنەوە کە لە دروستکردنیدا بەکارهاتوون.
گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی لە پارێزگای ئەنبار بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ژیانی هاووڵاتییان، ئەمەش لە چوارچێوەی نەبوونی چاودێریی بەسەر دامەزراوەکان و تێوەگلانی بەرپرسان لە دزینی لە سامانی گشتی.
هاووڵاتییەکی فەلوجە دەڵێت: ڕووخانی ئەم پردە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی گەندەڵی کارگێڕیی و تەکنیکی، هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی خراپ لە دروستکردنی، ئەمە لەگەڵ نەبوونی چاودێریی.
بە گوتەی هاووڵاتییەکی دیکەش "بەشێک لە دامەزراوەکانی پارێزگای ئەنبار گومانی گەندەڵییان لەسەرە، داوا لە دەستەی دەستپاکی دەکەین ئەم دۆسیەیانە بجووڵێنێت و بەرپرسان ڕاپێچی زیندان بکات".
ڕاپۆرتەکانی دەستەی دەستپاکی ئاماژە بۆ زیادبوونی گەندەڵی لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق دەکەن، لە کاتێکدا پارێزگای ئەنبار لە ساڵی 2018ـەوە پلەی سەرەوەی گرتووە، چونکە وەک چاودێران باسی لێوە دەکەن، حزب دەستی بەسەر سامانی ئەم پارێزگایەدا گرتووە.
ئەحمەد شەبیب، سیاسەتمەدار دەڵێت،: زۆرینەی فەرمانگەکانی ئەنبار وەک بانکیان لێ هاتووە بۆ بەشێک لە حزبە سیاسییەکان و پارەیان بۆ کۆدەکەنەوە. لێرە بەرپرس دەستگیرکراوە کە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلار لە ماڵەکەیدا بووە، دامەزراوەی شەهیدان یەکێکە لەو دامەزراوانەی گەندەڵی تێدایە و خەڵکی بەش مەینەت چاوەڕوانی مووچەن.
گەندەڵی تەنها لە دزیکردن لە پرۆژەکاندا کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو باڵی بۆ دامەزراوەی شەهیدانیش کێشاوە. لەوێ مووچە بۆ کەسانێک خەرج دەکرێت کە شایان نین. لە کاتێکدا، هەزاران خێزان لە قەزای فەلوجەی سەر بە ئەنبار هەن بەبێ ماڵ و حاڵن، چونکە پێشتر ماڵەکانیان وێران کراوە.